ئیسرائیل داوا لە هاوڵاتیانی غەززە دەکات بۆ وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان بچنە باشووری کەرتەکە

K24 - هەولێر

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە، داوای لە خەڵکی غەززە کرد بەرەو باشوور بڕۆن، راشیگەیاند، هەوڵە مرۆییەکان لەو ناوچەیەی کەرتەکە فراوانتر دەبن.

سوپای ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "خەڵکی مەدەنی لە باکووری غەززە و لە شاری غەززە دەبێت بە شێوەیەکی کاتی بچنە باشووری وادی غەززە، بەرەو ناوچەیەکی سەلامەتتر تاوەکو بتوانن ئاو و خۆراک و دەرمانییان دەستبکەوێت، چونکە ئەمڕۆ یەکشەممە، هەوڵە مرۆییەکان فراوانتر دەبن، بە سەرکردایەتی میسر و ئەمەریکا".

سوپای ئیسرائیل لە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی لە 7ـی ئۆکتۆبەر، بێ وەستان بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات.

لە 9ـی تشرینی یەکەمدا، ئیسرائیل گەمارۆی خۆی بۆ سەر غەززە توندتر کردەوە و ئاو و کارەبا و پێداویستی خۆراکی بڕی، لەکاتێکدا کەرتی غەززە 2.4 ملیۆن فەڵەستینی تێیدا نیشتەجێیە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 21ـی ئۆکتۆبەرەوە، 84 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لە میسرەوە چوونەتە ناو غەززە، لە کاتێکدا بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژانە لانیکەم 100 بارهەڵگری پێویستە.

سوپای ئیسرائیل لە 15ـی ئۆکتۆبەرەوە داوای لە دانیشتوانی باکووری کەرتی غەززە کرد، بەرەو باشوور بڕۆن ناوچەکانیان جێبهێڵن.

بە پێی راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەزاران فەڵەستینی بە هۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و یارمەتیەکانەوە لە باشوور گەڕاونەتەوە باکوور.

لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی چاودێری تۆڕەکانی "نێت بلۆکس" رایگەیاندووە، خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە ئەمڕۆ یەکشەممەەوە، وردە وردە دەخرێتەوە بەردەستی بەکاربەران لە کەرتی غەززە، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی هەینی، لە کاتی بۆردومانەکانیه ئیسرائیلدا هێڵی ئینتەرنێت پچڕا.