وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: دیپلۆماتکارانی ئیسرائیل لە تورکیا نەماون

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هیچ دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیل لە تورکیادا نەماون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29 تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە 19 ئەم مانگەوە، دیپلۆماتکارانی ئیسرائیل تورکیایان جێهێشتووە، لە نێویشیاندا، باڵیۆزی ئیسرائیل.

ئاماژە بەوەشکراوە، بە پاساوی دۆخی ئەمنی دیپلۆماتکارەکان تورکیایان جێهێشتووە، ئێستا هیچ دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیل لە تورکیا نەماون.

شەڕی غەززە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا" لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە، پێی ناوەتە 23ـەمین رۆژ، لەکاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە لە رێگەی وشکانیشەوە هێرشی دەستپێکردووە، کە بەهۆیەوە هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی نوێترین ئامار، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل گەیشتە نزیکەی هەشت هەزار کەس و 20 هەزار کەسی دیکەش بریندارن، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی دوو هەزار کەس لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێن بوون.

هەروەها تا ئێستا لە ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون کە 310 کەسیان سەرباز بووە، حەماسیش زیاتر لە 222 ئیسرائیلی بە بارمتە گرتووە.

ئا: لاڤین عومەر