محه‌ممه‌د شاكر: پێویسته‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بێ كێشه‌ خه‌رج بكرێت

محه‌ممه‌د شاكر په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق
محه‌ممه‌د شاكر په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق

K24-هەولێر:

ئه‌ندامێكی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بێ كێشه‌ خه‌رج بكرێت و پێویست ناكات شاند به‌رده‌وام بۆ مووچه‌ بچێته‌ به‌غدا. 

محه‌ممه‌د شاكر ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، مووچه‌ مافێكی سرووشتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ داخه‌وه‌ كه‌ ده‌بینین به‌غدا به‌مشێوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی مووچه‌ ده‌كات.

ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، كرۆكی كێشه‌ی مووچه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، تێیف سامی وه‌زیری دارایی عێراق رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر میزانی موراجه‌عه‌ی مانگەکانی تەمموز، ئاب و ئەیلوولی هەرێمی کورستان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق نه‌كرێت، 700 ملیاره‌كه‌ی مووچه‌ ره‌وانه‌ ناكه‌ن، له‌كاتێكدا پێشتر هه‌رێمی كوردستان میزانی موراجه‌عه‌ی 6 مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی ناردووه‌، به‌ شایه‌تی خۆیان هه‌موو ژماره‌ و زانیارییه‌كانی نێوی شه‌فاف بوون.

راشیگه‌یاند، پێموایه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو 700 ملیاره‌كه‌ی مووچه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر حیسابی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان.

پێشتریش جه‌مال كۆچه‌ر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاندبوو، ئەو 700 ملیار دینارەی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت قەرزە، ئەگەر لەم دوو رۆژە نەینارد وەک لیژنەی دارایی قسەیان دەبێت.

رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووە. دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە پشت بە داهاتی ناوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.