جەیک سولیڤان: پێویستە ئاگربەست لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە رابگەیندرێت

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەڵێت، پێویستە ئاگربەست لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە رابگەیندرێت.

رۆژی یەکشەممە (29ـی تشرینی یەکەمی 2023) جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایگەیاند، پێویستە ئاگربەستێکی مرۆیی هەبێت، تا بارمتەکان لە کەرتی غەززە ئازاد بکرێن و هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەندرێنە کەرتەکە.

جەیک سولیڤان ئاشکراشی دەکات، میسر و ئیسرائیل ئامادەن رێگەخۆشکەربن بۆ دەربازبوونی هاووڵاتییانی ئەمەریکی و بیانی لە کەرتی غەززە، بەڵام حەماس رێگری لە دەربازبوونیان دەکات و لە بەرامبەردا داواکاری هەیە و ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەستۆی ئیسرائیلە حەماس و خەڵکی سڤیلی غەززە لێک جیابکاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون بۆ 239 کەس بەرزبووەتە.

دانیال هاگاری ئاشکراشی کردووە، لەسەرەتای شەڕەکەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا 311 سەربازی ئیسرائیلی بەهۆی هێرشەکانی حەماس کوژراون و جەختی کردەوە کە پلانیان هەیە سەرکردەکانی حەماس لە غەززە دەستگیر بکەن.

هەروەها ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، "دۆخی غەززە کاتژمێر دوای کاتژمێر خراپتر دەبێت، لەبری ئاگربەستێکی مرۆیی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی دەکات، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی چڕتر کردووە، ژمارەی ئەو سڤیلانەی کوژراون و بریندارکراون قبوڵکراو نییە، جیهان سەیری کارەساتێکی مرۆیی دەکات، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کە هیچ شوێنیکی سەلامەتییان نییە بۆی بڕۆن، پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وەک خۆراک و ئاو و شوێنێ مانەوە و چاودێری پزیشکییان لێ زەوت کراوە، هاوکات بە بەردەوامی بۆردوومان دەکرێن، داوای راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی و ئازادکردنی بێ مەرجی بارمتەکان دەکەم، هەروەها هاوکاری مرۆیی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی غەززە دابین بکرێت."

هاوکات حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هەردوولا جەختیان لە گرنگی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەپەلە بۆ غەززە کردووەتەوە.

گوتەبێژی حکومەتی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشداوە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی فەرەنسا هاوڕابوونە لەسەر کارکردنی بەیەکەوەیی لە پێناو هەوڵەکانی گەیاندنی خواردن، سووتەمەنی، ئاو و پێداویستی تەندرووستی بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی رزگارکردنی بارمتە بیانییە دەستبەسەرەکانی حەماس کردووەتەوە.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 23 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە سێ هەزار و 342ـیان منداڵن و دوو هەزار و 62ـیان ئافرەتن و 460ـیان بە ساڵاچوون و زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.