هاتنی کاتی زستانە کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان دەبێت؟

K24 - هەولێر

لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کاتی هاوینە کۆتایی هاتووە، کاتی زستانەش دەستی پێکردووە، کە شارەزایان دەڵێن: هەندێک کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستیمان هەیە.

لەم چوارچێوەیەدا، تۆڕی "سی ئێن ئێن" لەگەڵ دکتۆر راجکومار داسگوپتا، یاریدەدەری پرۆفیسۆری پزیشکی لە زانکۆی "کێک" لە کالیفۆرنیا قسەی کرد، سەبارەت بەو کاریگەرییانەی کە کاتەکانی زستانە لەسەر تەندروستیمان هەیەتی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.

داسگوپتا دەڵێت: "کۆتایی کاتەکانی هاوینە، زۆرجار هۆکارێکە بۆ سەرئێشە"، "سەرئێشەکە دەتوانێت بۆ ماوەی 6  تا 8 هەفتە هەموو رۆژێک رووبدات و دواتر نەمێنێت".

گوتیشی: پەیوەندی نێوان گۆڕانی کات و سەرئێشەی لایی، ئەوەیە کە ئەو بەشەی مێشک کە سەرئێشەی تێدا روودەدات، ریتمەکانی رۆژانەمان بەڕێوەدەبات.

"سەرئێشەی لایی" دەبێتە هۆی ئازارێکی توند کە پەیوەندی بە چاوێکەوە هەیە و نەخۆشەکان وا ناویان بردووە، وەکو ئەوەی هەست دەکەن چاوەکەیان بێتە دەرەوە، ئەم سەرئێشەیە لە نێوان 15 خولەک بۆ سێ کاتژمێر دەخایەنێت.

داسگوپتا، ئاماژەی بەوەشکرد، کاتەکانی زستان دەتوانێت کاریگەری زۆری لەسەر ریتمەکانی رۆژانەمان هەبێت، کە خەو و هەڵسان رێکدەخات، ئەمەش رەنگە هەستکردن بە ماندوێتی زیاد بکات و باری دەروونی خەڵک تێکبدات.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی کاتەکانی هاوینە رۆژەکان کورت دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی جۆرێک لە خەمۆکی بەهۆی گۆڕانی وەرزەکان و کەمتربوونەوەی کاتژمێرەکانی رۆژ.

داسگوپتا راشیگەیاند، کۆمەڵێک لە دانیشتووانان رەنگە زیاتر بەرەورووی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کاتەکانی زستانە ببنەوە، لەوانە ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی زەهایمەر(لەبیرچونەوە) دەبن، چونکە بە تایبەتی تووشی تێکچوونی خەو دەبن، ئەو تێکچوونەش بەهۆی کۆتایی هاتنی کاتی هاوینە دروست دەبێت.

لە درێژەی قسەکانیدا داسگۆپتا جەختیکردەوە، ئەوەی دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان کاتەکانی زستان و تێکچوونی خەو لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی زەهایمەر، جێگەی نیگەرانییە، چونکە خەوتن رۆڵێکی گرنگی هەیە لە کارکردنی مەعریفی و چەسپاندنی بیرەوەریدا.

داسگوپتا باسی لەوەشکرد، کە وەرزشکردن و بەسەربردنی کات لە دەرەوە لە بەیانیاندا ستراتیژییەکی سوودبەخشە بۆ تەندروستی و دەروونناسی لەگەڵ دەستپێکردنی کاتەکانی زستانەدا.