32 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرد

دیمەنێکی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا - ئەرشیف
دیمەنێکی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا - ئەرشیف

K24 - هەولێر

لەکۆی 329 ئەندام پەرلەمانی عێراق، 32 پەرلەمانتار واژۆیان کردووە و داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دابخرێت و ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکاش لە عێراق دەربکرێت.

بەپێی نوسراوێک کە بڵاوکراوەتەوە، داواکارییەکە بە ناونیشانی، ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تایبەت بە پرسی فەڵەستین، لە روانگەی جینۆساید و بارودۆخی مرۆیی سەختی خەڵکەکەی ئێمە لە غەززە، بەهۆی ئەو شەڕەی کە بە فەرمی لەلایەن ئیسرائیلەوە راگەیەندراوە، کە هەڕەشەی ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی فەڵەستینی لە باکووری غەزەوە کردووە، ئەوە بەپێی ماددەی 28ـی یاساکانی ئەنجومەنی نوێنەران، ئێمە داواکارییەک پێشکەش دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی داخراوی نائاسایی کە تەنها بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەرکردنی باڵیۆزی ئەمەریکا و داخستنی باڵیۆزخانەکە و راگرتنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن.

لەکۆی 329 ئەندام پەرلەمانی عێراق، تەنها 32 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر دەرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کرد و داوایانکرد حکومەت کونسوڵخانەکە دابخات و ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکاش لە عێراق دەربکات.

لە 27ـی تشرینی یەکەم، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پلاتفۆرمی ئێکس گوتی: "داوا لە حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق دەکەم بە هەموو لایەن و ئاراستەکانەوە، بۆ یەکەم جار لە پێناوی بەرژەوەندییە گشتییەکاندا دەنگ بدەن لەسەر داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمەش لەبەر پشتیوانی بێسنووری ئەمەریکا بۆ ئیسرائیلە دژی غەززە".

جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی "پاراستنی دیپلۆماتکارانی باڵیۆزخانەکە، گوتیشی: رووبەڕووی میلیشیاکان دەبنەوە ئەگەر بیانەوێ ئاسایشی عێراق تێك بدەن، لەئەگەری دەنگدان لەسەر بڕیارەکە.

سەدر راشیگەیاند، " ئەگەر حکومەت و پەرلەمان وەڵامیان نەداینەوە، ئەوە هەڵوێستێکی دیکەمان دەبێت، کە دواتر رایدەگەیەنین".

هەفتەی رابردوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کارمەندانی باڵیۆزخانەکەمان چوونەتە هەولێر، بەهۆی زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە.

لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، عێراق بەرەوە وێرانبوون دەبات و کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەرکردنی بڕیارێکی لەو جۆرە، رێککەوتنی ستراتیژی نێوان واشنتن و بەغدا تێکدەدات، چونکە عێراق چەندین پابەندی نێودەوڵەتی هەیه‌ و دەبێت پێانەوە پابەند بێت.