گوهدار شێخۆ: بەردەوام دەبین لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان

کردنەوەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
کردنەوەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زیاتریان بە کەرتی پەروەردە داوە و تا ئێستا چەندین قوتابخانەی نوێیان دروستکردووە و دەیانی دیکەشیان نۆژەنکردووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە رێوڕەسمێکدا قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە گەڕەکی "ئەردەوان" لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرایەوە. گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوو و گوتی: "سێ قوتابخانەی دیکەی نوێ لە چەند رۆژی داهاتوودا دەکەینەوە".  

لەبارەی گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە، گوهدار شێخۆ ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتمان بە کەرتی پەروەردە داوە، بەتایبەت لە بواری دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و کردنەوەی خولی راهێنان بۆ مامۆستایان".

وەکو ئەوەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ  باسی دەکات، "پلان و بەرنامەی باشترمان بۆ کەرتی پەروەردە دەبێت؛ لەمساڵدا تاوەکو ئێستا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە 39 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و چەندین قوتابخانەی نوێمان دروستکردوون. لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا کارەکانی دروستکردنی چەند قوتابخانەیەکی نوێ تەواو دەبن و دەخرێنە خزمەتی قوتابییاندا".

گوهدار شێخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، "هەوڵەکانمان بۆ بەرەوپێشبرنی کەرتی پەروەردە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ئاستی زانستی و رۆشنبیری قوتابییەکانمان بەرزبکەینەوە هەر وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێنوێنی کردووین".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ  باسی لەوەش کرد، "دوای جێبەجێکردنی ئەو پلانەی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن لە سنووری زاخۆ داماننابوو، پێشبینی دەکەین قوتابییەکانمان (قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادەیی) بەراورد بە ساڵانی رابردوو، نمرەی باشتر بەدەستبهێنن و لە یەکەمەکانی کوردستان بن".

 

 

گرنگیپێدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتی پەروەردە

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستبەکاربوونی بڕیاریدا سێکتەری پەروەردە کە بناغەی گەشەسەندن و پێشکەوتنی گەلانە، بگەیەنێتە قۆناغێکی نوێ. لە چوار ساڵی رابردوودا جگە لەوەی سەرجەم دۆسیەی قوتابیان و قوتابخانەکان بە ئەلیکترۆنی کراوە، دەست بە پڕۆسەیەکی فراوانی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانەی نوێش کراوە.

لە سێ ساڵی رابردووی کابینەی نۆیه‌مدا زیاتر لە 70 قوتابخانە و دایەنگە دروستکراون، کە 40 هەزار و 136 قوتابی بەهۆیانەوە سوودمەند بوون، هەروەها 635 قوتابخانەی دیکەش نۆژەنکراونەتەوە كه‌ نزیکەی 500 هەزار قوتابی سوودیان لێ بینیوه‌ .

له‌ ئێستادا پڕۆسەی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانە حکومییەکان بەردەوامە و، بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ 30 قوتابخانەی دیکە دروستبکرێن و نۆژەن بکرێنەوە کە زیاتر لە 25 هەزار قوتابی لێیان سوودمەند دەبن.