وەزارەتی تەندروستی گرفتەکانی کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان چارەسەر دەکات

کۆبوونەوەی هەردوو شاندی وەزارەتی تەندروستی وخوێندنی باڵا
کۆبوونەوەی هەردوو شاندی وەزارەتی تەندروستی وخوێندنی باڵا

K24 – هەولێر:

بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆلیژى پزیشکیی زانکۆى گەرمیان، هەردوو وەزارەتى تەندروستى و خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێک دەردەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە هەماهەنگی زیاتر دەکەنەوە.

رۆژی دووشەممە (30ـی تشرینی یەکەمی 2023) شاندێکی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتى عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکارى وەزارەت سەردانى وەزارەتى تەندروستییان کرد و لەگەڵ سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى کۆبوونەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەدیدارەکەدا باس لە گرفتەکانى کۆلیژى پزیشکیی زانکۆى گەرمیان کراوە و گفتوگۆ لەبارەی نەخشەرێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرا، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى تەندروستى ئامادەیی نیشاندا بۆ دابینکردنی ستافی ئەکادیمی و گۆڕینی پۆلێنبەندی نەخۆشخانەکانی دەڤەری گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری.

هاوکات سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ دەستەبەرکردنى ستافى پێویست بۆ کۆلیژەکە لە رێگەى گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى کۆلێژى پزیشکى و دواتریش تەنسیب کردنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى تەندروستى بە رەچاوکردنی رێوشوێنە زانستی و کارگێڕییەکان، ئامادەن هاوکاری زانکۆی گەرمیان بکەن.

هەروەها لە دیدارەکەدا بڕیاردرا هەردوو وەزارەت پێکەوە هەماهەنگی بکەن بۆ گۆڕینی پۆلێنبەندی نەخۆشخانەکانی دەڤەری گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری بە مەبەستى راهێنان و ئەنجامدانى لایەنى پراکتیکى خوێندکاران ی کۆلێژى پزیشکیی زانکۆى گەرمیان و لەو بارەیەوە هەردوولا بە هەماهەنگی یاداشتێکى لێکتێگەیشتن ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە نەخشەرێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان.

زانکۆی گەرمیان لە ساڵی 2010ـەوە دامەزراوە بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی فیدراڵییەوە دانیپێنەنراوە و ناوی لە لیستی رێبەری ناوی زانکۆکان بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024)ـی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تۆمارنەکراوە.

کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی گەرمیان لە ساڵی 2018 دامەزراوە و لە ماوەی رابردوو بەهۆی چەندین کێشە لە بوونی مامۆستای پزیشکی پسپۆڕ و نەبوونی تاقیگەی پێویست گرفتیان هەبووە و چەند جارێک خوێندکارانی ئەو کۆلیژە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.