پرسی دواکەتنی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەوروژێندرێت

kurdistan24.net

K24 – بەغدا:

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 راگەیاند، دوو رۆژە وەزارەتی دارایی سەرقاڵی وردبینیە لە داتای ئەو سێ مانگەی کە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە و راستەوخۆش دوای تەوابوونی وردبینیەکە، 700 ملیار دیناری مووچەخۆرانی هەرێم دەنێردرێت.

بۆ مانگی دووەم لەسەر یەک، حكومەتی عێراق ناردنی دووەم گوژمەی 700 ملیار دینارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دواخستووە. کە دەبووایە لەدوای 25ـی مانگەوە وەزارەتی دارایی بڕی ئەو 700 ملیار دینارەی بخستایەتە سەر هەژماری بانکی حکومەت هەرێمی كوردستان.

بە بۆچوونی بەشێک لەم پەرلەمانتارانە، وەزارەتی دارایی هەرمانگەو بیانوییەکی نوێ بە هەرێمی کوردستان دەگرێ بیانووی ئەمجارەی دواخستنی ئەو بڕە پارەیە ئەوەبوو، کە دوو سیستەمی ژماردنی جیاواز لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و بۆ ئەمەش وەزارەتی دارایی پێویستی بەکاتی زیاترە بۆ رەزامەندی لەسەر ناردنی ئەو 700 ملیار دینارە.

هەروەها شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەموو مانگێک کاتێک دێتە سەر باسی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی بیانوی نوێ دەدۆزێتەوە.

ماوەی دوو رۆژە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم، خەرجی و داهاتی مانگی 7و 8 و 9 رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێ لەدوای کۆتایهاتنی وردبینی لەو راپۆرتانە، راستەوخۆ بری ئەو 700 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

لەلایەن خۆیەوە، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵی سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و وردبینە لەو راپۆرتانە و دواتر بری پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.