پەیامنێری کوردستان24 لە غەززە چیرۆکی ئەو منداڵانە دەگێڕێتەوە کە دوای کوژرانی دایکیان ژیانیان رزگارکراوە

kurdistan24.net

K24 – غەززە:

بە گوێره‌ی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی غەززە ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە، لەناویاندا پەنجا ھەزار ئافرەتی دووگیان ھەیە، كە چاوەڕێ دەكرێت لەمانگی داھاتوودا لە 10%ـیان كاتی منداڵ بوونیان بێت، ئەوەش لە كاتێكدایە كە لەسەرەتای جەنگەوە ھیچ خزمەتگوزارییەكی پزیشكیان وەرنەگرتووە.

هاوکات بەشێك لەو دایكە دووگیانانەش بەھۆی بۆردمانەكانی ئیسرائیلەوە برینداربوونە و لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام پزیشكەكان توانیویانە ژمارەیەك لە كۆرپەکانیان رزگار بكەن، پەیامنێرمان بەها توباسی لە غەززەوە لە راپۆرتيێكدا بە چیرۆكی یەك لەو كۆرپە رزگاركراوانە ئاشنامان دەكات.

بەھۆی بۆردمانەكانی ئیسرائیلەوە، لە غەزە ژمارەیەك دایكی دووگیان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام منداڵە كۆرپەكانیان رزگاركراون، یەكێک لەو منداڵانە ناوی مریەمە، كە لە نەخۆشخانەی خان یونس دوو منداڵ بەو جۆرە لەدایكبوون كە یەكێكیان گیانی لەدەستدا و دووەمیان ماوە و لە ژێرچاودێری چڕدایە.

دکتۆر ئەسعەد ئەلنەواجحە، سەرپەرشتیاری مریەم بۆ کوردستان24 دەڵێت، "خانمێکی دووگیان بەبرینداری گەیەندرایە ئێرە، رەوشی زۆر خراپ بوو، بەھۆی بۆردمانەوە ھەرچوار پەلی قرتابوو، بەڵام كۆرپەكەی لە مانگی نۆیەمیدا بوو، ھەربۆیە بیر لەوە كرایەوە بە زووترین كات بە نەشتەرگەری كۆرپەكەی ناو سكی رزگار بكەین، منداڵەكە گیانی تیامابوو، دەستی بەژیانەوە گرتبوو، ھەربۆیە رزگارمان كرد".

رێکخراوی سندووقی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دانیشتووان، ئاماژەی بەوە داوە کە نزیکەی پەنجا هەزار دایکی دووگیان لە غەززە هەیە، چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی داهاتوودا، لە 10%ـیان منداڵیان ببێت، بەڵام زۆربەیان هەموو پاراستن و چاودێرییەکیان لەدەستداوە کە بۆ دایکی دووگیان پێویستن.

 محەمەد ئەبو حەتەب، بەڕێوبەری دایەنگەی منداڵان بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، "لەسەرەتای جەنگەكەوە ھیچ خزمەتگوزارییەكی تەندروستی بۆ دایكە دووگیانەكان دابین نەكراوە، بێگومان بەشێكی زۆریان دەستیان بە ھیچ پێداویستییەكی پزیشكی راناگات، تیمە پزیشكییەكانیش ناتوانن بگەنە لای ئەوان، ھیچ شوێنێكی ئارامیش نەماوە تا كۆیان بكەینەوە و خزمەتیان پێ بگەیەنین، ھەربۆیە رێژەی مردنی دایكانی دووگیان و كۆرپەكانیشیان بەرزتر دەبێتەوە".

زیاتر لە دووملیۆن فەڵەستینی لەنێویاندا 50 ھەزار ئافرەتی دووگیان لە ماڵوحاڵیان دەربەدەربوون، نیوەشیان لەنێو قوتابخانەكان و باڵەخانەی دامەزراوەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا نیشتەجێن، بێ ئەوەی ھیچ چاودێرییەكی تەندروستیان پێبگات.