گوله‌ن: ئه‌گه‌ر به به‌ڵگه‌وه سه‌لمێندرا ده‌ستم له كوده‌تا هه‌بووه با له سێداره‌م بده‌ن

K24 - هه‌ولێر:
فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، بانگخوازی ئیسلامی و سه‌رۆكی بزاڤی خزمه‌تی توركیا، تۆمه‌ته‌كانی حكوومه‌تی توركیای ره‌تكرده‌وه كه به تێوه‌گلان له كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوو تۆمه‌تبارییان ده‌كات و گوتی: "ئه‌گه‌ر سه‌لمێندرا ده‌ستم له‌و هه‌وڵه‌دا هه‌بووه، ده‌چمه به‌ر په‌تی سێداره".
گوله‌ن هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، هه‌وڵی كوده‌تای سه‌ربازی توركیا، "سیناریۆی هۆلیوود"ه و كارئاسانی بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كردووه.
له میانی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی "CNN"ی ئه‌مه‌ریكی، گوله‌ن له ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه، له چیاكانی بۆكۆنۆی ویلایه‌تی په‌نسلڤانیاوه، له باره‌ی تۆمه‌ته‌كانی بن عه‌لی یه‌ڵدریم، سه‌رۆك وه‌زیانی توركیا، له باره‌ی بوونی په‌یوه‌ندی به هه‌وڵی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا، گوتی: "با لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی به قووڵی له‌و دۆسیه‌یه بكۆڵێته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت من به زار، یاخود له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه قسه‌م كردبێت، یان سه‌دا 10ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی راست بوون كه ئاراسته‌م كراون، ده‌ڵێم ئێوه له‌سه‌ر حه‌قن و ده‌چمه به‌ر په‌تی سێداره، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم له‌و باره‌یه‌وه قسه‌م له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت به ته‌له‌فۆنیش".
له باره‌ی بوونی په‌یوه‌ندی، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای توركیا، گوله‌ن ده‌ڵێت: "په‌نا به‌خوا ده‌گرم ئه‌گه‌ر قسه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ركاندا كردبێت، به‌ڵام پێویسته پرسیاره‌كه ئاوابێت، ئایا من له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیم پێوه‌كردووه؟ له رێگه‌ی هیچ كه‌سێكه‌وه په‌یامم بۆی ره‌وانه كردووه؟ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كیان ده‌ستكه‌وتووه واژووی منی به‌سه‌ره‌وه بێت؟ نه‌خێر، من هه‌ر نایناسم، ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت له دووره‌وه ده‌زانم پیاوێكی پاكه".