ئەمەریکا دڵنیایی دەداتە سعوودیە

K24 - هەولێر

ئەمەریکا دڵنیایی دەداتە سعوودیە کە پابەندە بە پارێزگاریکردن لە هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ خالید بن سەلمان وەزیری بەرگریی سعوودیە، جەیک سەلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دڵنیای داوەتەوە سعوودیە، کە واشنتن پابەندە بە بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی هەڕەشەی گرووپەکانی نزیک لە ئێران.

لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا باس لەوەشکراوە، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و وەزیری بەرگری سعوودیە جەختیان لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ کەرتی غەززە و  رێگریکردن لە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانیان کردووەتەوە.

هەروەها ئەمەریکا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر گرووپ و وڵاتێک کە هەوڵی فراوانکردنی پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بدات.

پێش هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە 18ی ئابی 2023، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان تاوتوێ کرد.