روونکردنەوەیەک لەسەر پێدانی زەوی بە زیندانیانی سیاسی دەدرێت

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان

K24 – هەولێر

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند، پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوون بەبێ بەرامبەر بە زیندانیکراوان و گیراوانی سیاسی کوردستان دەدرێت، بە مەرجێك پێشتر وەك زیندانیكراوی سیاسی سوودمەند نەبوبن، ئاماژەی بەوەشکرد، لە خانەوادەیەكدا رەنگە چەندین كەس یاساكە بیگرێتەوە، هەموویان دەتوانن سوودمەندبن لەو ئیمتیازانە.

سەبارەت بە تەرخانكردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی، بە پێی یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2011ـی هەمواركراو و پەیڕەوی ژمارە 8ـی ساڵی 2020ـی ئەنجومەنی وەزیران و رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2021 وەزارەتمان کراوە.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بە ماددەی شەشەم، بڕگەی یەكەمی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی كوردستانی کردووە و تیایدا هاتووە، پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوونیان بەبێ بەرامبەر پێدەدرێت، بە مەرجێك پێشتر وەك زیندانیكراوی سیاسی سوودمەند نەبوبن.

دەشڵێت: لە پەیڕەوی ژمارە 8ـی ساڵی 2020ـی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا هاتووە، لە ماددەی یەكەم، بڕگەی یەكەم، پێناسەی زیندانیكراوی سیاسی بەم شێوەیە دەكات، ئەو كەسەیە كە گیرابێت، یان زیندانی كرابێت، بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق تا 9/4/2023، لەسەر رادەربڕین و بیروباوەڕ یان ئینتیمای نیشتیمانی یان سیاسی، یان یارمەتیدانیان یاخود بەشداریكردنی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و بڕیاری سزادانیان لە لایەن یەكێك لە دادگاكان یاخود دەسەڵاتەكانی سەربە رژێمە ناوبراوەكان درابێت .

هەروەها لە بڕگەی دووەمی هەمان ماددەدا هاتووە، كە هەركەسێك گیرابێت یاخود گلدرابێتەوە یا راگیرابێت بەبێ ئەوەی بڕیاری سزادانی لەبارەوە لەلایەن دادگای تایبەتمەندەوە دەرچووبێت، هەمان هۆیەكانی كە لە خاڵی یەكەمی ئەم ماددەیەدا هاتوووە دەیگرێتەوە.

هەروەها بە پێی مادەی سێیەمم بڕگەی چوارەم، ئەوانەشی كە لە بەندیخانەكان لە دایك بوون بە هەمان شێوە بە گیراوی سیاسی هەژماردەكرێن و سوودمەند دەبن لەسەرجەم ئیمتیازاتەكانی ئاماژە پێكراو لە یاسا و پەیڕەو و رێنماییەكانی هەمان یاسا، لە نێویشیاندا سوودمەندبوونیانە لە پارچەیەك زەوی نیشتەجێ بوون.

بۆیە پاڵپشت بەو روونكردنەوە یاساییەی سەرەوە، لە خانەوادەیەكدا رەنگە چەندین كەس یاساكە بیگرێتەوە، دەتوانن سوودمەندبن لەو ئیمتیازانە بەبێ رەچاوكردنی ژمارەی ئەندامە سوودمەندبووەكانی هەمان بنەماڵە.

لە هەمان كاتدا، ئەوانەی لە ناو بەندیخانەو زیندانەكاندا لە دایكبوون، بە پێی ماوەی گیرانی دایكیان ماوەی گرتنەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت، ئەمەش پاڵپشت بە ماددەی سێیەم، بڕگەی چوارەمی هەمان پەیڕەو و ماددەی 7ـی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2021ی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان .