د. بەهات حەسیب قەرەداغی: خەمی یەکەمی کوردستان24، کوردبوون و کوردستانە

K24 – هەولێر

د. بەهات حەسیب قەرەداغی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە راگەیاندن، لەبارەی هەشتەمین ساڵەی کارکردنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، رایگەیاند: خەمی یەکەمی کوردستان24، کوردبوون و کوردستانە، کە ئەمە ناسنامەیەکی تایبەت دەبەخشێت بە هەر دەزگایەکی میدیایی کە بەو جۆرە ئیش بکات.

د. بەهات حەسیب قەرەداغی، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانی24، لە یادی هەشتەمین ساڵیادی کارکردنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، گوتی: "کوردستان24 لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا بە چەندین ئەزموون تێپەڕیوە و چەندین جار توانا و مەنهەجی خۆی تاقیکردووەتەوە، خۆشبەختانە لە هەمووی سەرکەوتوو بووە، تێبینی ناکەین لە هیچ شتێک پاشەکشەی کردبێت. کوردستان24 لە هەموو بوارەکاندا ئەگەرچی هێواشیش بێت قۆناغ بە قۆناغ بەرەو پێشەوە دەڕوات، بێگومان ئەم قسەیە بۆ هەموو بەشەکانی دامەزراوەکە راستە".

گوتیشی: "لەگەڵ کوردستان24، بەردەوام هەست دەکەیت مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەیەکی میدیایی کوردی دەکەیت، خەمی یەکەمی کوردبوون و کوردستانە، کە ئەمە بۆ خۆی ناسنامەیەکی تایبەت دەبەخشێت بە هەر دەزگایەکی میدیایی کە بەو جۆرە ئیش بکات، کەمتر خەمی ئەوەیەتی لە جیهاندا دەنگبداتەوە، بەڵام لە کوردستان بینەری نەبێت، میدیا دەبێ لە پێش هەموو شتێکدا لۆکاڵی بێت لەناو میللەت و هاوزمان و هاوخەمەکانی خۆی ناوبانگ پەیا بکات ئینجا هەوڵی بە جیهانی بوون بدات".

د. بەهات حەسیب قەرەداغی، راشیگەیاند: "تائێستا کوردستان24 تاڕادەیەکی زۆر باشی ‌هێناوە و کەمترین جار کەوتووەتە ئەو کەنارانەی کە شڵەژانێک دروست بکات، بە بەردەوامی هەوڵیداوە هاوسەنگی بپارێزێت کە هاوسەنگی زۆر گرنگە، هیوادارم کوردستان24 لەسەر ئاراستەی خۆی بڕوات و نەچێتە ژێر کاریگەی ئەو نەخۆشییەی کە میدیاکان تووشی بوونە کە کار بۆ ڤیو دەکەن، خەمی ئەوەیانە چەند کەس سەیریان دەکات".