ئیسرائیل كه‌مپێكی ئاواره‌كانی له‌ غه‌ززه‌ بۆردومانكرد و‌ 400 كوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه‌

K24 - هەولێر:

بەهۆی بۆردوومانی کەمپێکی ئاوارەکان لە غەززە لەلایەن ئیسرائیله‌وه‌، 400 کەس کوژران و برینداربوون.

تەندروستی غەززە رایدەگەیه‌نێت، بەهۆی بۆردوومانی کەمپی جەبالیا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 400 کەس کوژراو و برینداربوونە.

ئاشکراشی دەکات، زۆرینەی قوربانییەکان منداڵ و ژنن.

ئەحمەد کەهلووت، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی غەززە رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل لە رێگەی شەش بۆمبی درووستکراوی ئەمه‌ریکی بۆردوومانی کەمپەکەیان کردووە و کەمپەکە بە تەواوی وێران بووە.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی غەززە داوا دەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەجێ کاربکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل.

بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری ته‌ندروستی غەززە، ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گه‌یشته‌ 8525 كه‌س، كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا 3542 كه‌سیان منداڵن.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئیسرائیل هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ به‌ رێگه‌ی وشكانییه‌وه‌ فراوانتركردووه‌.‌