بلینكن: مۆسکۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی داوەتە تاران
K24 – هەولێر:
ئهنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا دەڵێت، بەهۆی سزاکانهوه، لەپێناو بەدەستهێنانی پێداویستی سەربازی، رووسیا رووی لە ئێران کردووه و لە بەرانبەریشدا مۆسکۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی داوەتە تاران، ئەمەش هەڕەشەی لەسەر ئیسرائیل دروستکردووە.
لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمهریکا، بۆ (تهمویل) پارەدارکردنی 105 ملیار دۆلار لەپێناوی هاوکاریکردنی ئیسرائیل، ئۆکرانیا و چەندین وڵاتی دیکە، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند، ئەو ههنگاوه رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی تیرۆریست و ئۆتۆکراتەکان دروستیانکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا راشیگهیاند، ململانێکانی ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندییەکی ئاشکرایان بە یەکدییەوە هەیە، دوای ئەوەی رێگریمان کرد لەوەی رووسیا لەرێگە ئاساییهكانهوه پێداویستیی سوپاکەی دابین بکات، بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری زیاتر رووی لە ئێران کردووه، لە بەرانبەردا مۆسکۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی ناردە تاران، ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروستکردووە".
پێشتریش لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمهریکا لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی رایگهیاندبوو، ئەگەر هاوکارییەکانی ئەمهریکا بۆ ئۆکرانیا بوەستێت، سەرۆکی رووسیا سەرکەوتوو دەبێت و سەروەری وڵاتانی دراوسێی بە ئامانج دەگرێت.