ئینفۆگرافیک .. زانیاری لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

کۆمار نادر زانیاری لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەخاتەڕوو
کۆمار نادر زانیاری لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەخاتەڕوو

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ناوی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق پەسەند كرد و بە فەرمیش بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.

رۆژی سێشه‌ممه‌ (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، ره‌زامه‌ندی داوه‌ له‌سه‌ر لیستی كۆتایی ناوی كاندیدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و ناوه‌كانی په‌سند كردووه‌، كه‌ ژماره‌یان 5915 كاندیده‌.

لەلایەن خۆیەوە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، رۆژی (1ـی تشرینی دووەمی 2023) بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و هێشتا ملیۆنێک و 900 هەزار کارتی بایۆمەتری دابەشنەکراون.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەواوی وەزارەتەکانی راسپاردووە بۆ پشتگیریکردنی کۆمیسیۆن تاکو بەباشترین شێوە کارەکانی خۆیان رایی بکەن.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 23 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە و پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

لەم ئینفۆگرافیکەدا، کۆمار نادر وردەکاری لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەخاتەڕوو.