بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستپێدەکات

K24 - هەولێر

ئه‌مڕۆ له‌ کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق، بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌ستپێده‌كات.

كۆمیسۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، 5 هه‌زار و 915 کاندید له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌  بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان په‌سه‌ندكراون.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ باسم عه‌وادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگه‌یاندبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، به‌ڵام هێشتا ملیۆنێک و 900 هەزار کارتی بایۆمەتری دابەش نەکراون.

به‌گوته‌ی عه‌وادی، سوودانی تەواوی وەزارەتەکانی راسپاردووه‌ پشتگیری كۆمسیۆن بكه‌ن، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە کارەکانی خۆیان رایی بکەن.

بڕیاره‌ رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق بە بەشداری زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی، دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە، پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی. کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.