پارێزگاری دهۆک: بە گوژمەی 22 ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژە لە سێمێل جێبەجێدەکرێن

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک (وێنە: کوردستان24)
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک دروستکردنی یاریگەیەک بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار و جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 22 ملیار دینار لە قەزای سێمێل رادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-11-2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی نوێ لە سنووری قەزای سێمێل بە گوژمەی 22 ملیار و 897 ملیۆن دینار دەربڕیوە و دەکەوێنە بواری جێبەجێکردندا.

پارێزگاری دهۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "موژدە دەدەینە گەنج و لاوانی سێمێل کە بە گوژمەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دینار یاریەگەیەکی تۆپی پێ بۆ قەزای سێمێل دروست دەکرێت".

 

 

سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دهۆک

رۆژی دووشەممە 14-08-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانی خەڵکی کۆمەڵێک گەڕەکی ناو شاری دهۆک گرت.

یەکێک لەو گەڕەکانەی دهۆک کە سەرۆکی حکومەت سەردانی کرد، گەڕەکی ماڵتا بوو، لەگەڵ چین و توێژەکانی گەڕەکی ماڵتا کۆبووەوە و بە خەڵکی گەڕەكەکەی گوت: "بە فەرمانی سەرۆک بارزانی هاتووم سەردانتان بکەم، ئەوەی لە تواناماندا بێت وەکو حکومەت لە خزمەت گەڕەکە هەژار نشینەکاندا دەبین".

یەکێک لە داواکارییەکانی گەڕەکی ماڵتا لە دهۆک چاککردنی رێگاوبانی گەڕەکەکەیان بوو، سەرۆکی حکومەت بەڵێنی پێدان کە تەواوی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن.

ئامینە زکری: دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ دهۆک ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن

رۆژی پێجشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا دەرئەنجامی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگای دهۆک خستەڕوو و رایگەیاند، لە نێوەڕاستی مانگی ئاب سەرۆک بارزانی شەش رۆژ لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوو، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو چین و توێژەکان هەبووە و گرنگیی بە چوار تەوەری سەرەکی دابوو.

یەکەم: پێویستە گەلی کوردستان ئەوە لە بیر نەکات ئێمە خاوەنی دۆزی خۆمانین و کێشەی ئێمە پرسی خاک و جوگرافیایە. دەبێت دایکان، باوکان و خێزانەکان منداڵەکانیان لەسەر هزری نیشتمانپەروەری و وڵات پارێزی پەروەردە بکەن، پەروەردەیەکی تەندروست کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاددەنێت.

دووەم: دوژمنەکانمان هەوڵدەدەن لە رێگەی مادەی هۆشبەرەوە مەترسی بخەنە سەر کۆمەڵگە و هەوڵی بێ هێزکردن و لاوازکردنی کەسایەتیی مرۆڤ دەدەن.

سێیەم: پێویستە تەنیا پشت بە سەرچاوەی نەوت نەبەستن و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەن.

چوارەم: بەهێزکردنی سەرچاوە ئابووریییەکان بە پشتبەستن بە کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیاری.

بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، سەرۆک بارزانی دەرفەتی بە جەماوەری دهۆک داوە بۆ ئەوەی نیگەرانی، پێشنیاز و داواکارییەکانیان بخەنەڕوو کە لە بواری کشتوکاڵ، گەشتیاری و پڕۆژەی خزمەتگوزاری نزیکەی چوار هەزار داواکارییان هەبووە و هەمووی لەلایەن دەستەی چاودێری و بەدادواچوون و سکرتارییەتی سەرۆک بارزانی وەرگیراون و کاری جیددیان لەسەر کراوە.

ئامینە زکری دەڵێت، هەندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری کە داواکاری خەڵک بوون، راستەوخۆ سەرۆک بارزانی بڕیاری جێبەجێکردنی دا و لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی جێبەجێکردنیان درا و پارەی پێویستیان بۆ تەرخانکرا.

بەشێکی دیکەی ئەنجامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بادینان وەکو ئەوەی ئامینە زکری باسی کرد:

- زیاتر لە 18 ملیار دینار بۆ 20 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای سێمێل تەرخانکرا بۆ پڕۆژەکانی رێگەوبان، کارەبا، پەروەردە، ئاو و ئاوەڕۆ و فروانکردنی سەوزایی.

- دروستکردنی باڵەخانەی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە ئامێدی. دروستکردنی باڵەخانەی دادگە لە ئامێدی. بۆ هەردوو پڕۆژە زیاتر لە نۆ ملیار دینار تەرخانکراوە.

- دروستکردنی هۆڵێکی رێورەسمەکان لە قەزای بەردەڕەش کە زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

- دروستکردنی یاریگەی سیمێل بۆ تۆپی پێ کە زیاتر لە پێنج ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

- دروستکردنی پڕۆژەی تونێڵی پیرس بە درێژی 3 کیلۆمەتر کە زیاتر لە 141 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

- بڕیاری دروستکردنی مۆزەخانەی  قەڵای نزارکێ دراوە.

- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی 109 ملیار دینار.

لە بواری گەشتیاریدا، بە گوتەی ئامینە زکری، تا ئێستا ئەم پڕۆژانە جێبەجێکراون و پڕۆسەکەش بەردەوامە:

- دانانی بەردی بناخە بۆ کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری لە سۆلاڤ - ئامێدی کە هوتێل، مەلەوانگە و موتێل لە خۆدەگرێت

- دانانی بەردی بناخە بۆ گەراجێکی سێ نهۆمی لە سۆلاڤ - ئامێدی.

- نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی رێگەوبان و بازگە لە نێوان پاریزگاکانی دهۆک و موسڵ.

- قەدەخەکردنی بە کرێدانی باخ بە گەشتیاری بیانی بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە هوتێل و موتێلی گەشتیاری

- جێبەجێکردنی کۆرنیش لەسەر رووباری شین.

لە بواری کشتوکاڵدا ئەم کارانە کراون:

- فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە ئاکرێ

- دروستکردنی کارگەیەکی سماق لە ئاکرێ

- فێستیڤاڵی تەحین لە ئامێدی

- فیستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک