پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر خاڵە سەربازییەکانی چیای قەرەچووخ رێککەوتن

پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر چیای قەرەچووخ رێککەوتن
پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر چیای قەرەچووخ رێککەوتن

K24 - هەولێر

هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر خاڵە سەربازییەکانی چیای قەرەچووخ رێککەوتن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-11-2023، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای سەربازیی هەردوولا، لەسەر خاڵە سەربازییەکانی چیای قەرەچووخ رێککەوتن و کێشەی نێوانیان چارەسەرکرا".

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، "لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنەکە واژوو دەکات و دواتر دەچێتە بواری جێبەجێکردن".

رۆژی 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، پێکدادان لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە نزیک کەمپى ئاوارەکانى مەخموور لە بناری چیای قەرەچووخ، لەسەر سێ خاڵى سەربازی روویدا، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى کەمپەکە.

شەڕەکە لەکاتێکدابوو 19-10-2023، هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق بەپێی رێککەوتنێک، چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لەسەر چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە، دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیرکران.