ئوردن باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل كشاندهوه
K24 - هەولێر:
وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر ئەو شەڕەی ئێستا لە نێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە، ئوردن باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل كشاندهوه.
ئهمڕۆ (چوارشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2023)، ئوردن کشاندنەوەی باڵیۆزی وڵاتهكهی لە ئیسرائیل راگەیاند، وەک وهزارهتی دهرهوهی ئوردن ئاماژهی پێكردووه:"ئەو ههنگاوه رەتکردنەوەی ئوردنە لەو شەڕەی ئیسرائیل بەسەر غەززەیدا سەپاندووە و گەیشتۆتە رۆژی بیست و شەشەمینی".
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لەسەر رێگهی تۆڕی كۆمهڵایهتی ( ئێکس) تویتهری پێشوو، بڵاویکردۆتەوە، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوردن و ئەیمەن ئەلسەفەدی وەزیری دەرەوە و کاروباری ئاوارەکان، فەرمانیانکردووە دەستبەجێ باڵیۆزی ئوردن لە ئیسرائیل بکشێتهوه، ئەوەش وەک هەڵوێستی ئوردن لە رەتکردنەوە و ئیدانەکردنی شەڕی سەپێنراوی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە خەڵکی بێتاوان تێدا دەکوژرێن.
بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەكهی ئوردن لە ئەنجامی ئەو شەڕەوە دێت کە بووهته دروستكردنی کارەساتی مرۆیی، لەگەڵ ئەوەی ئەگەرێکی پڕ مەترسی هەیە شەڕەکە فراوانتر بێت، بە شێوەیەک هەڕەشە لەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی و هەردوو وڵاتەکەش( فەڵەستین و ئیسرائیل) بهتایبهتی دروستبکات.
ئەلسەفەدی فەرمانگە پەیوەندیدارهكانی لە وەزارەت راسپاردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاگادار بکەنەوە لەوەی باڵیۆزی خۆیان نهنێرنهوه ئوردن کە ئهوێی جێهێشتووه.
ئەلسەفەدی پێداگریکرد لەوەی ئوردن بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەکانی بۆ راگرتنی شەڕ له غەززە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆیان.
بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و لە وەڵامدا ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و دواتر هێرشی زەمینی دەستپێکرد، بەپێی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون، ژمارهی كوژراوانی فەڵەستینییەکانیش لە کەرتی غهززه گهیشتووەتە 8796 كهس، كه لهنێو كوژراوهكاندا 3457 كهسیان منداڵن.
کارزان حەیدەر