ئاڵای كوردستان له شاره‌وانی لامبێز له له‌نده‌ن هه‌ڵده‌كرێت و په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری عومه‌ر خاوه‌ر لاده‌درێت
K24 – هەولێر:
ئاڵای كوردستان له شاره‌وانی لامبێز له له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا هه‌ڵده‌كرێت و په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری عومه‌ر خاوه‌ر لاده‌درێت، هاوكات نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له له‌نده‌ن ده‌ڵێت، دانانی په‌یكه‌ری عومه‌ر خاوه‌ر له شاره‌وانییه‌كه دۆزی كورد به‌گشتی و كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه زیاتر به كۆمه‌ڵگه‌ی به‌ریتانی ئاشنا ده‌كات.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 1ـی تشرینی دووه‌می 2023) ئاڵای كوردستان له شاره‌وانی لامبێز له له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا هه‌ڵده‌كرێت و په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری عومه‌ر خاوه‌ر لاده‌درێت، هاوكات سه‌رباز به‌رزنجی، پارێزگاری شاره‌وانی لامبێز، كه خاوه‌نی بیرۆكه و رێوڕه‌سمه‌كه‌یه و به هه‌ماهه‌نگی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت تایبه‌ت به كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌وه‌ی كردوویانه بابه‌تێكی سێمبوڵی گرنگه به‌تایبه‌ت بۆ شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و هه‌وڵێكه بۆ ناساندنی زیاتری دۆسیه‌ی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه له ساڵی 1988ـدا.
له‌لای خۆیه‌وه، كاروان جه‌لال، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له له‌نده‌ن به كوردستان24ـی راگه‌یاند، دانانی په‌یكه‌ری عومه‌ر خاوه‌ر، كه سێمبوڵی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌یه له شاره‌وانی لامبێز، هه‌وڵێكه بۆ ناساندنی زیاتری دۆزی كورد و قوربانیانیی جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه.
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له له‌نده‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و په‌یكه‌ره له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندێكی په‌یكه‌رتاشی كورد له كوردستان دروست كراوه و دواتر بۆ شاره‌وانی لامبێز گواستراوه‌ته‌وه.
كاروان جه‌لال له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ كوردستان24 باسی له‌وه كرد، هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا په‌یوه‌ندییه‌كی مێژووییان هه‌یه و ده‌كرێت له‌و رێگه‌یه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی به‌ریتانی زیاتر ئاشنای كورد و قوربانییه‌كانی ببێت. جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌و په‌یكه‌ره كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناساندنی زیاتری كورد هه‌یه، كه له رابردوو قوربانیی زۆری داوه و ئێستاش بووه‌ته یه‌كێك له كاراكته‌ره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.