چەند لایەنێک لە بەغدا داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکەن

kurdistan24.net

K24 - بەغدا

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماھەنگی و بەشێک لە سەربەخۆکان بە نیازن پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانی عێراق ئامادە بکەن، بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، بۆ ئەمەش تا ئێستا 35 واژۆیان کۆکردوەتەوە و دەیانەوێ لەڕێگەی پەرلەمانەوە حکومەتی عێراق ناچار بکەن، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دابخەن و سەرجەم هێزە بیانییەکان لە عێراق دەربکەن، هاووڵاتیانیش ترسیان هەیە ئەم جەنگە بۆ عێراق بگوازرێتەوە و کاریگەری لەسەر داهاتووی وڵاتەکە هەبێت.

پریشکی ئاگری ئەو شەڕەی لە غەززە هەڵگیرساوە، کاریگەرییەکەی لە عێراق دەرکەوتووە، جگە لە سیاسییەکان ھاووڵاتییانیش ھەست بەو مەترسییە دەكەن، لە دوایین ھەوڵیشدا  بەشێک لە لایەنەکان لە پەرلەمانی عێراق بەنیازن لەڕێگەی پڕۆژە یاساییەکەوە، باڵیۆزخانە ئەمەریکا لە بەغدا دابخەن.

عەلاوی مووسا، هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدایە، دەڵێ "ئەگەر پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی لەم شێوەیە دژی ئەمەریکا دەربکات، ئێمە پشتگیری دەکەین، پێویستە هەموو وڵاتانی عەرەبیش هاوشێوەی عێراق بێنە دەنگ".

دەشڵێت: "ئەو بارودۆخەی کە ئێستا هەیە بارودۆخێکی خراپە و پێویستە وڵاتان هاوهەڵوێست بن، تاوەکو لەم بارودۆخە رزگاریان دەبێت".

هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ئەحمەد مستەفا لەبارەی شەڕی غەززە و بەرژەوەندی وڵاتان ئاماژەی بەوەدا: "ئەمە بابەتێکی سیاسییە و وڵاتەکان بەدوای بەرژەوەندی سیاسیی خۆیانەوەن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی وڵاتانی عەرەبی دژی ئەم جەنگەن".

لە بەرامبەر پشتگیریکردنی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، پەلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەربەخۆکان، لە بەغدا سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاساییەکن بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، تائێستا 35 واژۆ کۆکراوەتەوە، دەیانەوێت فشارەکان چڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق ناچار بکەن بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بدات.

محەمەد بەلدوای، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، بە کوردستان24ی گوت: "هەوڵێک هەیە لە پەرلەمانەوە دژی ئەو وڵاتانەوە و دەبێت هەڵوێستمان هەبێت، پێشوتریش پەرلەمانی عێراق دەنگیداوە لەسەر دەرچوونی سەرجەم هێزە شەڕکەرەکان".

پێشووتر لە ساڵی 2020 لە دانیشتنێکی نائاسایدا، پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ئەمەریکا لەنێو خاکی عێراق داوە.