تەندروستیی غەززە: رۆژانە 140 منداڵ بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە دەکوژرێن

برینداربوونی منداڵێک لە غەززە لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل (وێنە: AFP)
برینداربوونی منداڵێک لە غەززە لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

شەڕی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و، قوربانییانی یەکەمی شەڕەکە ئافرەت و منداڵن. تەندروستیی غەززە دەڵێت، رۆژانە 370 کەس لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل دەکوژرێن کە لە نێویاندا 140 منداڵن.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە، لە هەر کاتژمێرێکدا 42 بۆمب لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە ئاراستەی ناوچە جیاکانی غەززە دەکرێن و بەهۆیەوە لانیکەم 12 باڵەخانە وێران دەکرێن.

بەگوێرەی ئامارەکان، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، لە ماوەی هەر کاتژمێرێک 15 کەس لە غەززە دەکوژرێن، کە شەشیان منداڵن؛ ئەمەش واتە، لە هەر 10 خولەکێک منداڵێکی فەڵەستینی لە غەززە دەکوژرێت. جگە لەمە، ژمارەی برینداران لە کاتژمێرێکدا 35 کەسە.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە، ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانە کردووە کە رۆژانە لەو شارە دەکوژرێن و بریندار دەبن و، ئەوە خراوەتەڕوو، "رۆژانە لە ئەنجامی بۆردوومانەکان، 370 کەس لە غەززە دەکوژرێن، لە نێو ژمارەی کوژراواندا 140 منداڵ هەن  و 858 کەسیش بریندار دەبن".

بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 192 خێزانی فەڵەستینی لە غەززە، 10 ئەندام یان زیاتر لە خێزانەکەیان، لە ئەنجامی بۆردوومانکانی سوپای ئیسرائیل کوژراون.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لیستی ناو، تەمەن و رەگەزی حەوت هەزار و 28 فەڵەستینی کوژراوی بڵاوکردووەتەوە، ئەمە جگە لە سەدان کەسی دیکە کە هێشتا ناسنامەکەیان نەناسراوە یاخود بێ سەروشوێنن.