وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی: لە هەموو قەزاکان سەنتەری ئۆتیزم دەکەینەوە

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان (وێنە: کوردستان24)
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت، کار بۆ ئەوە دەکەن لە هەموو قەزاکانی هەرێمی کوردستان سەنتەری منداڵانی ئۆتیزم بکەنەوە. دەشڵێت، "هەموو منداڵێکی ئۆتیزم، بێبەرامبەر لە نەخۆشخانەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و چارەسەریی وەردەگرن".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-11-2023، سەنتەری ئۆتیزمی حکومی لە قەزای بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی کرایەوە. کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە رێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەرەکە ئامادەبوو؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە، هەوڵ دەدەن سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە هەموو قەزاکان بکەنەوە.

لە قەزای سەیدسادق 40 منداڵی ئۆتیزم هەن. کوێستان محەممەد گوتی، "بەڕێوەبەرەکەی خۆمانمان لە سەیدسادق ڕاسپاردووە کە دەست بکات بە ئامادەکاری بۆ کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لەو شارە". کەسوکاری منداڵانی ئۆتیزمیش دڵنیادەکاتەوە "ئەوەی پێمان بکرێت بۆ سەنتەرەکانی ئۆتیزم و خزمەتکردنی ئەو منداڵانە، درێخی ناکەین".

وەکو ئەوەی کوێستان محەممەد باسی کرد، رێنمایی سەنتەری ئۆتیزمیان بە شێوەیەک هەموارکردووەتەوە، "کەرتی تایبەت بتوانێت و کارئاسانی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی سەنتەری ئۆتیزم بکاتەوە و کرێی وەرگرتنی منداڵدانی ئۆتیزم داببەزێت".

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەشی خستەڕوو: "ناوی ئەو منداڵانەی ئۆتیزم کە تۆمارنەکراون، پشکنینمان بۆ کردوون و ناوەکانیانمان ئامادەکردوون. ئومێدەوارین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار بدات لەسەر ئەوەی مووچەیان بۆ دابینبکرێت".

بە گوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، "ئێستا هەموو منداڵێکی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، بێبەرامبەر لە نەخۆشخانەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و چارەسەریی وەردەگرن. هەروەها ئەگەر منداڵێکی ئۆتیزم و خێزانەکەی، گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن، لە فڕۆکەخانە بەشێوەیەکی رێکوپێک کارەکانیان بەڕێدەکرێت. ئەمە بێجگە لە چەندین خزمەتگوزاریی دیکە کە بۆیان دابینکراون".

بە گوێڕەی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان 28 سەنتەری تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم هەن کە نزیکەی هەزار و 100 منداڵ لەو سەنتەرانەدا راهێنانیان پێدەکرێت. تاوەکو ئێستا 25 سەنتەری ئەهلی تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراون و مۆڵەتیان پێدراوە.