دیندار زێباری: لە کابینەی نۆیەمدا 22 یاسای گرنگ دەرچوون
K24 - هەولێر
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 22 یاسا دەرچوون کە بەشێکن لەو یاسایانەی بۆ ژیانی هاووڵاتییان گرنگن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاستی حوکمڕانی لەسەر ئاستی هەرێم، دامودەزگاکانی، بە دادوەری و حکومەت و پەرلەمانیش، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنێکی تۆکمە هەیە.
بەپێی ئامارێکی شەش مانگی رابردوو کە دیندار زێباری خستیەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، لە جێبەجێکردنی راسپاردەی نێودەوڵەتی. گوتیشی: "لە دەرچوواندنی یاساکان و هاوکاری کردنی میکانیزمی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و نێودەوڵەتییەکان، بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاشتەوایی، کەیسەکانی گەندەڵی، کەمئەندامان و پێکهاتەکان و دەیان بابەتی تر کە گرنگن بەلای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە".
راشیگەیاند: "بەپێی راپۆرتەکان، تا ئێستا پێنج راپۆرتمان بەپێی پلانی هەرێمی دەرکردووە، دوایین راپۆرتیان بەراوردکارییە لەسەر ئاستی دامودەزگاکانی هەرێم، ئاراستەی دامودەزگای نێوخۆی و نێودەوڵەتی کراوە، بە کونسوڵخانەکان و رێکخراوە بیانییەکان و ئاژانسەکانیش. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە بەراورد کراوە، رێژەی جێبەجێکردنی راسپاردەکان لەماوەی ساڵی 2023 زیاتر لە 10% زیادیکردووە، لە 34.8 بۆ 42.8 پێشووەچوونی بەخۆوە بینیوە، لە گشت ئاستەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئازادییەکان و پڕۆسەی چاکسازی".
دیندار زێباری ئاماژەیدا، لە یاساکانی کابینەی نۆیەمدا کە درووشمی کابینەکەیە، بەرپرسیارییەتی، شەفافیەت، ئازادییەکان، سەروەری یاسا، بەگشتی لە ساڵی 2020 تا 2023، 22 یاسای گرنگ لەم کابینە دەرچووە، وەک یاسای ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، یاسای بەرهەمە خۆماڵییەکان، یاسای بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی کردن، هەمووارکردن و پاراستنی یاسایی ژینگە، یاسای کار، بەشێکن لەو یاسایانەی کە گرنگن بۆ ژیانی هاووڵاتییان".
ئەوەش خستەڕوو: "میکانیزمی نێودەوڵەتی، ئێمە وەکو حکومەت، لە ماوەی سێ ساڵدا، بەدەیان راپۆرت و بەشداری کارامان هەبووە، لەسەر ئاستی جنێڤ، ئەمەریکا و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، دەیان بەشداری سیاسی و یاسایی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا هەماهەنگی ئەم هەرێمەیە، لەگەڵ میکانیزمی نێودەوڵەتی".