وەزیری بازرگانی و پیشەسازی: لە ئایندەیەکی نزیکدا سێوی بەرواری باڵا هەناردەی دەرەوە دەکرێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەم نزیکانە چەندین کارگەی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، رێژەیەکی باش لەوکارگانە لە پارێزگای هەڵەبجە دەبن.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لەمیانی بەشداریکردنی لە نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا ئامادەکاری دەکەین بۆ هەناردەکردنی سێوی باڵا بۆ دەرەوەی کوردستان

گوتیشی: "راستە هەنار بەربوومی سەرەکی ئەم فێستیڤاڵەیە، بەڵام بەربوومی جیاوازتر و زۆرتر، لەم فێستیڤاڵەدا هەیە، ئەو بەربوومانەی لە هەورامان و هەڵەبجە هەیە، لێرە ساڵانە نمایش دەکرێن، ژمارەیەکی زۆر خەڵک دێن بۆ کڕین و سەیرکردنی فێستیڤاڵەکە، دەرفەتێکی باشە بۆ بە بازاڕکردنی بەربوومەکانی ئەم سنوورە".

کەمال موسلیم، راشیگەیاند: "بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی یان هەر بەرهەمێکی تر، دوو رێگا هەیە، یەکیان هەناردەکردنە، ئەویتریش بە پیشەسازی کردنی بەربوومەکانە، ئێستا کارگەی دۆشاوی تەماتە، زەیتوون، رووبەهەنار و شیرنەمەنی هەیە، ئێمە لە پلانماندایە کارگەی دیکەش بۆ بەربوومەکانی تری کشتوکاڵ و پیسەسازی خۆراک دروست بکەین، لەم سنوورە".

جەختیکردەوە: "بۆ بە بازاڕکردنی لەم سنوورە هەوڵی زۆرمانداوە بەربوومەکان بە بازاڕ بکرێن، لە رێگای کونسڵگەرییەکان و کۆمپانیاکان، کە هەرکاتێک سەردانی دەرەوە دەکەین هانیان دەدەین، بۆ ئەوەی سەردانی بکەن، راستە لە خواستی ئێمەدا نییە، بەڵام هەوڵێکی باشە، هەنار، هەنجیر، پەتاتە، بەرهەمی باشمان هەبووە هەناردەی دەرەوە کراون".

وەزیری بازرگانی ئاماژەی بەوەشدا: "جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ ئەو رووداوانەی کە روویانداوە لەم ناوچانە، جموجۆڵێکی باش هەبووە، کاریگەری خراپی نەکردووەتە سەر بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و تورکیا و ئێران، بۆ پەرەپیدانی جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ ئەم دوو دەوڵەتەدا بەردەوام لە گفتوگۆداین".

روونیکردەوە: "لە ئێستادا هەنار، هەنجیر، گوێز، پەتاتە، شیش، چیمەنتۆ و ئاسن  لە هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکرێن، ئامادەکاریش دەکرێت بۆ سێوی باڵا، بە پاکێجی جوان، بنێرێتە دەرەوە".

کەمال موسلیم، راشیگەیاند: "بەمنزیکانە چەندین کارگە لە هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، لە بوارە جیاجیاکان، کە دەبێت ژمارەیەکی زۆری بۆ پارێزگای هەڵەبجە بێت و ئەگەر بەرهەم زیاد بێت، پێداویستی ناوخۆش زیاد دەبێت، هەمیش بوار دەرەخسێت بۆ هەناردەکردن و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر".