وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-11-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەر و  مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی ئەو خشتەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بڵاوکراوەتەوە، مووچەی هەموو وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا (لە رۆژی شەممە، 04-11-2023 تا رۆژی پێنجشەممە، 09-11-2023) دابەش دەکرێت.

مووچەخۆرانی وەزارەتی تەندروستی وەکو یەکەمین وەزارەت رۆژی شەممە، 04-11-2023 مووچەکەیان وەردەگرن و مووچەخۆرانی هەر یەکە لە وەزارەت و دامودەزگاکانی (ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن؛ رۆشنبیری و لاوان؛ کارەبا؛ خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ شارەوانی و گەشتوگوزار؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ سەرۆکایەتیی پەرلەمان؛ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و خانەنشینی پێشمەرگە) رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 09-11-2023 مووچەکانیان وەردەگرن.

 

خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاوکرایەوە
خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەر و مووچەخۆران (وێنە: وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان) 

 

دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە؛ بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-11-2023 بڕی 450 ملیار دینار لەلایەن هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. چاوەڕێش دەکرێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا 250 ملیاری دیکەش بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری.

رۆژی یەکشەممە، 09-10-2023 بە واژووی وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعة)ی مانگەکانی تەمووز، ئاب و ئەیلوولی هەرێمی کورستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا، کە سەرجەم داهات و خەرجیەکانی سێ مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی بەداتا و ژمارە تێدا ڕوون کراوەتەوە.  ئەمە بە گوێرەی راگەیەندراوێکی  وەزارەتی دارایی و ئابووری.