کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید پڕۆژەبڕیاری داننان بە جینۆسایدی کورد پەسند دەکات

K24 – هەولێر:

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایدەگەیەنێت، پڕۆژەبڕیاری بە جینۆسایدناساندنی شاڵاوەکانی ئەنفال و ئەنفالی بارزانییەکان، فەیلییەکان و کیمیابارانی هەڵەبجە و، قوربانییانی کردەوە تیرۆرستییەکانی داعش بەرامبەر پێکهاتەکانی کوردستان زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە. بەرەڤان حەمدی دەشڵێت، ئەم هەنگاوە دەرگایەکی گەورە بۆ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکاتەوە تاوەکو لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کار بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2023) کۆمەڵەیی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید پڕۆژەبڕیاری داننان بە جینۆسایدی گەلی کوردی پەسند کرد. بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر (KG LOBBY CENTER) پڕۆژەبڕیاڕی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردی لە عێراقدا پێشکەش بە رێکخراوی (IAGS) کرد.

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان باسی لەوەشکرد، پڕۆژەبڕیاری بە جینۆسایدناساندنی شاڵاوەکانی ئەنفال و ئەنفالی بارزانییەکان، فەیلییەکان و کیمیابارانی هەڵەبجە و، قوربانییانی کردەوە تیرۆرستییەکانی داعش بەرامبەر پێکهاتەکانی کوردستان زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکە لە کۆنفڕانسی مانگی تەمموزی رابردوو بە ئامادەبوونی تیمی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پڕۆژەبڕیارەکەی خستە کارنامەی خۆی و، دواتر خرایە پڕۆسەی دەنگدان و ئەمڕۆ دوای بە دەستهێنانی دەنگی  ئەندامانی کۆمەڵەکە پەسند کرا.

بەپێی پڕۆژەبڕیارەکە کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید، تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید کە لەلایەن رژێمی بەعس و تیرۆریستانی داعش دژی گەلی کورد ئەنجام دراون بە جینۆساید ناساند، رێکخراوی (IAGS) ئەو زانا و ئەکادیمیست و توێژەرانە لەخۆ دەگرێت کە لە بواری تاوانەکانی جینۆساید لە سەرتاسەری جیهاندا پسپۆڕن و لە ئەو بوارەدا کاردەکەن.

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، دەرگایەکی زۆر گەورەی کارکردن لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە ناوەندە نێوەدەوڵەتییەکان کاربکەین و هەنگاو بهاوێژین، چونکە پسپۆرانی ئەم بوارە پاڵپشتی بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراقی و ئەو بەڵگانەیان کرد کە لەلایەن (KG LOBBY CENTER) ئامادەکرابوو.

بەرەڤان حەمدی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمە بۆ یەکەمینجارە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی دان بە جینۆسایدی کوردی دابنێت، ئەمەش وامان لێدەکات لە رێگەی ئەم بڕیارە فشار و هەوڵەکانمان لە بواری باشتر ناساندی جینۆساید و دەرخستنی مەزڵومییەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان نیشان بدەین و، بەدوای قەرەبووی قوربانیاندا بگەڕێن، هاوکات وابکەین جارێکی دیکە ئەو تاوانە کۆمەڵکوژیە لەو ناوچانە دووبارە نەبێتەوە.

کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆسیاد، رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی بێلایەنە لە ساڵی 1994 دامەزراوە و هەوڵدەدات لێکۆڵینەوە و فێرکاری زیاتر لەسەر هۆکار و دەرئەنجامەکانی جینۆساید ئەنجام بدات.

هاوکات لێکۆڵینەوەش لە سیاسەتەکانی پەیوەست بە رێگریکردن لە جینۆساید دەکات، ئامانجی سەرەکی کۆمەڵەکە بریتییە لە راکێشانی ئەکادیمیستەکان، چالاکوانان، هونەرمەندان، رزگاربووانی جینۆساید، رۆژنامەنووسان، یاساناسان و داڕێژەرانی سیاسەتی گشتی بۆ لێکۆڵینەوە لە جینۆساید.

رۆژی هەینی (14ـی تەمموزی 2023) لە راگەیاندراوێکدا، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سیمبوڵی قوربانییانی جینۆسایدی گەلی کوردی پێشکەش بە سەرۆک و دەستەی نوێی سەرۆکایەتی کۆمەڵەی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید IAGS کرد.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، روونیکردەوە، لە میانەی پێنج رۆژی کۆنگرەکەدا سەرۆک و ئەندامانی (KG LOBBY CENTER) ئامادەیی بەرچاویان هەبوو لە سەرجەم دیدارەکان بۆ روونکردنەوەی مەرگەساتەکانی کوردستان و قوربانییانی جینۆسایدی گەلی کورد لەسەردەستی رژێمەکانی پێشووی عێراق و لۆبیکردن بۆ پشتیوانی و  پشتگیری بۆ پرسی جێنۆسایدی گەلی کورد بۆ ناساندنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەماوەی رابردوودا دوای ناردنی تیمی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری دامەزراوەی (KG LOBBY CENTER)، توانرا پڕۆژەبڕیارێک دەربارەی جینۆسایدی گەلی کورد لەلایەن ئاورنگ شاوەیس ئامادەبکرێت بۆ بڕیاردان لەلایەن یەکێتیەکەوە.