بەرەڤان حەمدی: حکومەتی عێراق نەچووەتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

کۆمەڵەیی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید پڕۆژەبڕیاری داننان بە جینۆسایدی گەلی کوردی پەسند کرد و بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق تا ئێستا نەچووەتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند،  ئەو پڕۆژەبڕیارەی کە ئەمڕۆ پەسند کرا هەنگاوێکی زۆر گرنگە، چونکە لە ماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق وەک پێویست ئەرکەکانی خۆی لە بەرامبەر قوربانییان جێبەجێ نەکردووە، ئەمەش ئێمەی ناچارکرد ئەو پڕۆسەیە ببینە دەرەوە بۆ ئەوەی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە کاری لەسەر بکرێت ئەمەش وایکرد کۆمەڵەی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید دان بە جینۆسادی گەلی کورد بنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2023) کۆمەڵەیی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید پڕۆژەبڕیاری داننان بە جینۆسایدی گەلی کوردی پەسند کرد.

هاوکات راشیگەیاند، لە رابردوو بەربەستی گەورە ئەوە بوو عێراق ئەندام نەبوو لە دادگای باڵای نێودەوڵەتی تاوانەکان، ئەمەش وایکردبوو وڵاتانی جیهان وەک پێویست پشتگیری لە دۆسیەی جینۆسیادی گەلی کورد نەکەن، بەڵام ئەمڕۆ لە رێگەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید پڕۆژەبڕیارەی بە جینۆسایدناساندنی گەلی کوردی پەسەند کرا، ئەمەش دەرگەیەکی گەورەی بەرووی ئێمەدا کردەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتگیری بۆ جینۆسایدی گەلی کوری بەدەستبهێنین بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە بتوانن رێگربن لەوەی جارێکی دیکە جینۆساید بەسەر کورددا نەیەتەوە و بە هانای خەڵکی کوردستان بێن.

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دەڵێت: ئەم پرۆسەیەی ئەمڕۆ کە ئەنجامدرا  رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت رووفاتی ئەنفالکراوانی کوردستان کە لە بیابانەکانی باشووری عێراق ماون بە خێرایی بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.

بەرەڤان حەمدی، باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق نەچووەتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو بودجەیەی کە لەبەر دەستیەتی توانیوەتی بە گوێرەی پێویست هاوکاری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بکات.

کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆسیاد، رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی بێلایەنە لە ساڵی 1994 دامەزراوە و هەوڵدەدات لێکۆڵینەوە و فێرکاری زیاتر لەسەر هۆکار و دەرئەنجامەکانی جینۆساید ئەنجام بدات.

هاوکات لێکۆڵینەوەش لە سیاسەتەکانی پەیوەست بە رێگریکردن لە جینۆساید دەکات، ئامانجی سەرەکی کۆمەڵەکە بریتییە لە راکێشانی ئەکادیمیستەکان، چالاکوانان، هونەرمەندان، رزگاربووانی جینۆساید، رۆژنامەنووسان، یاساناسان و داڕێژەرانی سیاسەتی گشتی بۆ لێکۆڵینەوە لە جینۆساید.

رۆژی هەینی (14ـی تەمموزی 2023) لە راگەیاندراوێکدا، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سیمبوڵی قوربانییانی جینۆسایدی گەلی کوردی پێشکەش بە سەرۆک و دەستەی نوێی سەرۆکایەتی کۆمەڵەی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید IAGS کرد.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، روونیکردەوە، لە میانەی پێنج رۆژی کۆنگرەکەدا سەرۆک و ئەندامانی (KG LOBBY CENTER) ئامادەیی بەرچاویان هەبوو لە سەرجەم دیدارەکان بۆ روونکردنەوەی مەرگەساتەکانی کوردستان و قوربانییانی جینۆسایدی گەلی کورد لەسەردەستی رژێمەکانی پێشووی عێراق و لۆبیکردن بۆ پشتیوانی و  پشتگیری بۆ پرسی جێنۆسایدی گەلی کورد بۆ ناساندنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەماوەی رابردوودا دوای ناردنی تیمی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری دامەزراوەی (KG LOBBY CENTER)، توانرا پڕۆژەبڕیارێک دەربارەی جینۆسایدی گەلی کورد لەلایەن ئاورنگ شاوەیس ئامادەبکرێت بۆ بڕیاردان لەلایەن یەکێتیەکەوە.