سەباح سوبحی: مانگی داهاتوو 700 ملیار دینار لە وادەی خۆیدا بۆ هەرێم رەوانە دەکرێت

سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

بانکەکانی رەشید و رافیدەین بڕی 450 ملیار دیناری مووچەخۆرانیان خستە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرەتای هەفتەی داهاتووش بڕی 250 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.

وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لە رێگەی بانکی رەشید و رافیدەینەوە، 450 ملیار دیناری مووچەخۆرانی رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد، بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووشدا، بڕی 250 ملیار دیناری کە ماوە، بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەهۆی نەبوونی نەختینە و پێداچوونەوە بە خەرجی و داهاتی مانگەکانی 8،7 و 9 کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا نێردراوە، ئەم مانگە ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەوادەی خۆی دواکەوت.

سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم خەرجی و داهاتی مانگەکانی 7، 8 و9ـی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە بۆیە بۆ مانگی داهاتوو ئەو 700 ملیار دینارەی کەماوە لەوادەی خۆیدا بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و دوا ناکەوێت.

بۆ کۆتایهێنان بە کێشەی ناردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە پەرلەمانی عێراق هەوڵێک هەیە تاوەکو پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ هەمواربکرێتەوە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خەرجی راستەقینە دەربهێندرێت، بەڵام بۆ ئامانجێكی وا، پێویستە كورد لەگەڵ فراکسیۆنە شیعی و سونییەکاندا، رێککەوتنێکی سیاسی بكات.

لەلایەن خۆیەوە عارف حەمامی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی گوت، لایەنە کوردییەکان و هەندێک لایەنی دیکەش پێشنیازیان کردووە پڕۆژەیاسای بودجە هەمواربکرێتەوە، بە دڵنیاییەوە سەیری ئەم پێشنیازانە دەکرێت، بەڵام دواجار رێککەوتنی سیاسی و زانینی گرنگی ئەم پێشنیازانە لەبەرچاو دەگیرێت تاوەکو پەسەند بکرێت.

پەرلەمانی عێراق 9ـی ئەم مانگە پشووی زستانەی دەسپێدەکات و ماوەی دوو مانگ دەخایەنێت، بەڵام هەرکاتێک فراکسیۆنەکان گەشتنە رێککەوتن لەسەر هەمواری پرۆژەیاسای بودجە، ئەوا پەرلەمان دەتوانێ دانیشتنێکی نائاسایی رێکبخات و ئەم بابەتە یەکلایبکاتەوە.