نێچیرڤان بارزانی گه‌یشته پاریس و له‌لایه‌ن ئیمانوێل ماكرۆنه‌وه پێشوازی لێكرا
K24 – پاریس:
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا، له كۆشكی ئێليزێ له‌لایه‌ن ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پێشوازی لێكرا و كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كه‌مێك پێش ئێستا ده‌ستیپێكرد.
ئاواره هه‌ورامی په‌یامنێری كوردستان24 له پاریسه‌وه له‌به‌رده‌م كۆشكی ئێليزێ رایگه‌یاند، كه‌مێك پێش ئێستا ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پێشوازی له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد.
دوێنێ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا، سه‌ردانى پاريس ده‌كات.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌روه‌ها هاتووه، نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ماكرۆن كۆده‌بێته‌وه. هه‌ردوولا په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودان به هاريكاريى هاوبه‌ش و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى تاووتوێ ده‌كه‌ن.
رۆڵی دروستبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا بۆ ساڵی 1991 و سه‌رده‌می راپه‌ڕینی گه‌لی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا دانیال میتران، هاوسه‌ری فرانسوا میتران، سه‌رۆكی ئه‌و كاتی فه‌ره‌نسا، له‌سه‌ر ئاستی تاك و وڵات، رۆڵیان له دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام و دژه‌فڕینی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو.
له 2017ش فه‌ره‌نسا دوای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر رۆڵی پێشه‌نگی هه‌بوو له شكاندنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه رێگر بوون له به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستان .