تایلەند: فشارمان لە تاران کردووە بۆ ئازادکردنی بارمتە تایلەندییەکان

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی تایلەند رایگەیاند، گوشارییان خستۆتە سەر تاران بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە تایلەندیانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون.

ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزیری دەرەوەی تایلەند، بارنبری پاهیدە نۆکارا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بانکۆک رایگەیاند، بۆ ئازادکردنی 22 هاووڵاتی تایلەندی کە لە کاتی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن گروپی چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیرابوون، فشارییان لە  حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانە.

لەم هەفتەیەدا نۆکارا، سەردانی قەتەر و میسری کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان و لە دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە دەوحە داوای کرد سوود له پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس وەربگرێت بۆ ئازادکردنی هاووڵاتیانی تایلەندی.

گوتیشی: "روونمکردەوە کە کرێکارە تایلەندییەکان کەسانی کەم داهاتن و لەوێ کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی پارە لە کەرتی کشتوکاڵدا".

ئاماژەی بەوەشکرد: بە وەزیری دەرەوەی ئێرانم گوت کە کرێکارانی تایلەندی هیچ پەیوەندییەکیان بە کاروباری سیاسی و ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە نییە. "داوام لێکرد پەیامێک بۆ گروپی حەماس بنێرێت کە ئەوان تەنها کرێکارن".

وەزارەتی کار لە تایلەند رایگەیاند، نزیکەی 30 هەزار تایلەندی لە ئیسرائیلن، کە زۆربەیان لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن.

لە کاتی شەڕی غەززەدا 32 هاووڵاتی تایلەندی کوژران و 19 هاووڵاتی دیکەی ئەو وڵاتەش بریندار بوون.

تایلەند تا ئێستا نزیکەی حەوت هەزار هاووڵاتیی خۆی لە ناوچە جەنگییەکان گواستووەتەوە.

بەرپرسی دانوستانکاری تایلەندییەکان، ئاریبین ئوتاراسین، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە کە لە 26ـی ئۆکتۆبەر لە تاران بەڕێوەچوو، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، دڵنیایان کردمەوە کە ئاگاداری ئەوانن، بەڵام وادەی ئازادکردنیان پێنەدام، چاوەڕوانی ساتەوەختێکی گونجاون".

کاربەدەستانی ئیسرائیل دەڵێن: لە هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەردا هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون، هەروەها زیاتر لە 230 کەسیش بە بارمتە گیراون.

لە بەرامبەر هێرشەکانی حەماس، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی قورسی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، 9 هەزار و 227 فەڵەستینی کوژراون، کە سێ هەزارو 826 یان منداڵن، هەروەها دوو هرەزارو 405 کوژراویش ئافرەتن.