سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی دەکرێت

دابەشکردنی مووچە
دابەشکردنی مووچە

K24 – هەولێر:

بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، سبەی شەممە لە وەزارەتی تەندروستییەوە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت و لە ماوەی شەش رۆژدا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن.

رۆژی پێنجشەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووری، خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە، کە لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەستپێدەکات و بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتاییدێت.

بەگوێرەی خشتەکە، سبەی شەممە (4ـی تشرینی دووەمی 2023) مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت و لەماوەی شەش رۆژدا سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان و خانەنشینان و مووچەخۆرانی دیکە، مووچەکانیان وەردەگرن.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕی 450 ملیار دینار لەلایەن هەردوو بانکی رەشید و رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. چاوەڕێش دەکرێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا 250 ملیاری دیکەش بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

بۆ بڕینی بیانووەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (29ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023)، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، "ئه‌مڕۆ بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووری، راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجعە)ـی مانگەکانی تەمموز، ئاب و ئەیلوولی هەرێمی کورستان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد"، بەم هەنگاوەش جارێکی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو بیانووەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڕی بۆ ئەوەی چیتر ناردنی 700 ملیار دینارەکە دواتر نەخات.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.