پارێزگای هەولێر لەبارەی بارانە بەخوڕەکەی ئەمڕۆی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

پارێزگای هەولێر
پارێزگای هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە هەولێر بارانێکی بەخوڕ لەماوەیەکی کەمدا باری ئەو رێژەیە پێشبینی نەکراوبوو، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئامادەباشی تیمەکانی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر، دەزگای خێرخوازی بارزانی، شارەوانییەکان، بەرگری شارستانی، تەندروستی و لایەنەپەیوەندیدارەکان بۆ روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، توانرا ئیدارەی حاڵەتی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارینی ئەمڕۆ بدرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی (3ـی تشرینی دووەمی 2023) پارێزگای هەولێر، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، بارانێکی بەخووڕ لە ماوەیەکی کەمدا بە رێژەی 28ملم لە سەنتەری شاری هەولێر داباری، بەپێی پێشبینی شارەزایان و بەڕێوەبەرایەتی کەش و هەوا، رێژەی دابارینەکە بە هۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا دوور لە چاوەڕوانی و پێشبینی نەکراوبوو.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، بەهۆی داڕشتنی ئەو پلان و بەرنامە و رێگە چارەسەریانەی کە لە ماوەی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی روودانى لافاو و چارەسەرى هۆکارەکانى دروستبوون و هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى گۆڕانى کەش و هەوا لە زستان و وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ لە لایەن دامەزراوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان گیرابوونەبەر، لە وانە خاوێنکردنەوەى (350) كیلۆمه‌تر له‌ فراوانکردن و پاککردنەوەی رێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەندەکان و بەردەوامیدان بە پاککردنەوەى سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆڵەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی گەڕەک و شوێنە گشتیەکانی شارى هەولێر و تەواوکردنی (20) پڕۆژەی تایبەت بە کەمکردنەوەی مەترسیەکانی لافاو و (43) پڕۆژەی دیکە کە ئێستا بەڕێژەی جیاواز لە بواری جێبەجێکردندا.

پارێزگای هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم تیمەکانی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی، شارەوانییەکان، بەرگری شارستانی، تەندروستی و لایەنەپەیوەندیدارەکان بۆ روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و بە هاناوەچوونی هاوڵاتییان، توانرا ئیدارەی حاڵەتی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارینی ئەمڕۆ بدرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت.

پارێزگای هەولێر هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دڵنیا دەکاتەوە، کە پارێزگای هەولێر لەڕێگەی لیژنە و تیمی فەرمانگە و دامەزراوەکانییەوە هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی روودانی هەر ئەگەر و مەترسیەکی لافاو و رووداوێکی نەخوازراوی گۆڕانى کەش و هەوا، ئەوەی ئەمڕۆش کە بە هۆی دابارینی رێژەیەکی زۆری باران لەماوەیەکی کەمدا روویدا و لە چەند شوێنک بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاو و  ژمارەیەک لە هاووڵاتییان دووچاری ناڕەحەتی بوونەوە و لە بەشێک لە شەقامە گشتییەکانیش ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروستبوو، لە زووترین کاتدا تیمەکان بەهانای هاووڵاتییانەوە چوون و شەقامەکان پاککرانەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێنەکەوتەوە.

لە راگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر هەروەها هاتووە،  ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا حاڵەتێکی چاوەڕوانەکراو بوو کە دەزگا و ئامێرەکانی کەشناسیش بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواو نەیانتوانی پێشبینیەکانی بخوێنەوە، بۆڕوودانی حاڵەتی لەمشێوەیەش بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پێشبینی زانستی بۆ بکرێت، بەداخەوە چەند کەناڵ و دەزگایەکی میدیایش، پرسەکەیان بە ئاڕاستەیەکی ناڕاست و دوور لەڕاستی برد و وەک خۆی رووماڵی رووداوەکەیان نەکرد، هیوادارین بۆ لەمەو دوا ئەگەر ناتوانن لەحاڵتی رووداوی لەمشێوەیەدا هاوکاربن، با بەلای کەمەوە وەک خۆی وێنەکان بۆ ڕای گشتی بگوازنەوە.