رێکخراوی "کەی جی لۆبی سەنتەر" سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان کرد

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

شاندێکی رێکخراوی "کەی جی لۆبی سەنتەر" سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان کرد و سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت: ئەوەی لەلایەن رژێمی بەعس و  داعشەوە دژی گەلی کوردستان ئەنجامدراوە، سەلمێنراوە کە کۆمەڵکوژییە.

ئاورنگ نەورۆز، سەرۆکی رێکخراوی "کەی جی لۆبی سەنتەر"، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ ئێمە، کە بە بەڵگە سەلمێنراوە ئەمە کۆمەڵکوژی بووە، بەم بەڵگەنامەیە دەتوانێن بڕۆینە یوئێن، پەرلەمانی ئەوروپا، وڵاتانی جیاواز، ئەوانیش پشتگیریمان دەکەن".

هەروەها کەریم کاوە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، دەڵێت: "پاڵپشتییەکی گەورەیە، بتوانین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کەیسی جینۆسایدی کورد، هەنگاوێکی تر بهاوێژین بۆ کایەکانی دیکەی نێودەوڵەتی، لەوێدا پشتگیری بۆ گەلی کورد پەیدا بکەین و ئەو نەهامەتییانەی کە هێشتا بەرۆکیان بەرنەداوین، بتوانن هاوسۆزبن لەگەڵمان.

رێکخراوی یەکێتی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید، ناسراو بە "ئای، ئەی، جی، ئێس" لە کۆنفرانسی مانگی تەممووزی رابردووی 2023، کە بە ئامادەبوونی تیمی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو، بابەتی بەجینۆساید ناساندنی دەرهەق بە کورد، خستەڕوو، لە کۆی 294 ئەندام کە ئامادەبوون، 286 ئەندامیان، بە بەڵێ دەنگیان بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژ بە کورد دا.