هەڵمەتی پاککردنەوەی مەنهۆڵ و شەقامەکانی هەولێر بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر
تیمەکانی ژینگە و بەرگریی شارستانی شاری هەولێر، هەڵمەتێکی پاککردنەوەی مەنهۆڵ و شەقامە سەرەکییەکانی شارەکەیان دەستپێکردووە.
دوێنێ هەینی، 03-11-2023، بڕی نزیکەی 28 میلیمەتر، باران لە ناوەندی شاری هەولێر باری. بەهۆی بارانەکەوە قوڕ و لیتێکی زۆر لە چەند گەڕەک و شەقامێکی شارەکە کۆبووەوەتەوە. بەمەبەستی پاککردنەوەی شەقامەکان و کردنەوەی مەنهۆڵەکان، تیمەکانی ژینگە و بەرگریی شارستانی هەڵمەتێکی پاککردنەوەیان دەستپێکردووە.
بە ىڕیاری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەمڕۆ شەممەوە، 04-11-2023 و بۆ ماوەی چەند رۆژێک؛ هەڵمەتی پاککردنەوەی مەنهۆڵ و شەقامە سەرەکییەکانی هەولێر لەلایەن تیمەکانی ژینگە و بەرگریی شارستانییەوە بەردەوام دەبێت.
لەوبارەوە ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەیی هەولێر، لە لێدوانێکدا بە كوردستان 24ـی راگەیاند، سەرجەم توانا مرۆییەكان و خزموتگوزارییەكان خراونەتەگەڕ بۆ پاككردنەوەی مەنھۆڵ و شەقامەكانی ھەولێر.
پارێزگاری هەولێر: بارانبارینەکەی رۆژی هەینی پێشبینینەکراو بوو
ئێوارەی دوێنێ هەیینی، 04-11-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، راگەیەندراوێکی لەبارەی هەڵسانی لافاو لە چەند شوێنێکی هەولێر بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردبوو، "بارانێکی بەخووڕ لە ماوەیەکی کەمدا بە رێژەی 28 میلیمەتر، لە سەنتەری شاری هەولێر داباری، بەپێی پێشبینی شارەزایان و بەڕێوەبەرایەتیی کەش و هەوا، رێژەی دابارینەکە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە بووە و دوور لە چاوەڕوانی و پێشبینی نەکراوبوو".
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، "بەهۆی داڕشتنی ئەو پلان و بەرنامە و رێگە چارەسەریانەی کە لە ماوەی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی روودانى لافاو و چارەسەرى هۆکارەکانى دروستبوون و هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى گۆڕانى کەش و هەوا لە زستان و وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ لە لایەن دامەزراوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان گیرابوونەبەر، لە وانە خاوێنکردنەوەى (350) كیلۆمهتر له فراوانکردن و پاککردنەوەی رێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەندەکان و بەردەوامیدان بە پاککردنەوەى سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆڵەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی گەڕەک و شوێنە گشتیەکانی شارى هەولێر و تەواوکردنی (20) پڕۆژەی تایبەت بە کەمکردنەوەی مەترسیەکانی لافاو و (43) پڕۆژەی دیکە کە ئێستا بەڕێژەی جیاواز لە بواری جێبەجێکردندا".
پارێزگاری هەولێر، ئەوەشی خستبووەڕوو، "سەرجەم تیمەکانی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی، شارەوانییەکان، بەرگری شارستانی، تەندروستی و لایەنەپەیوەندیدارەکان بۆ روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و بە هاناوەچوونی هاوڵاتییان، توانرا ئیدارەی حاڵەتی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارینی ئەمڕۆ بدرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت".