حەوت ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغ تێدەپەڕێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

حەوت ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و ژمارەیەک پەرلەمانتاری پێشووتری ئەو پارتە تێدەپەڕێت.

لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا 26 هەزار ئەندامی هەدەپە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و بەشێکیان زیندانی کراون، هەروەها لە ساڵی 2016 قەیوم بەسەر 94 شارەوانیی و لە ساڵی 2019 بەسەر 48 شارەوانیدا سەپێندرا و زیاتر لە 100 هاوسەرۆکی شارەوانی سەر بە هەدەپە زیندانی کران.

لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ـەوە، جگە لە هاوسەرۆکان ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانی هەدەپە لەلایەن حکومەتی تورکیا دەستگیرکران، تائێستا فشار بۆ سەر هەدەپە لە رێگەی هەردوو دادگای ئەنقەرە لەسەر دۆسیەی کۆبانی، لە دادگای دەستووریش لەسەر دۆسیەی داخستنی هەدەپە.

لە ساڵی 2014 کاتێک داعش هێرشکردە سەر کۆبانێ و شارەکەی گەمارۆدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرکردەکانی ئەو پارتە بانگەوازیان بۆ خۆپیشان کرد لە تورکیا، پاش ئەوەی خۆپیشاندان رێکخرا و گرژیی تێکەوت، بەرپرسانی هەدەپە بە بەوە تۆمەتبار کران کە بەشێکن لە پەکەکە، بۆیە پاش زیاتر لە دوو ساڵ ئەو دۆسیە لە دادگای ئەنقەرە لەسەر دەمیرتاش و سەرکردەکانی هەدەپە جوڵێندرا و دەستگیرکران.

پرۆسەی زیندانیکردنی سیاسەتمەدارانی هەدەپە لە 20ی ئایاری 2016 بە دەنگدان لەسەر لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد. دەستووری تورکیا بە 367 دەنگ پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە هەڵگیرا، کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە کە لەم دوو هەڵبژاردنەی دواییدا پشتگیری هەدەپە دەکات، ئەوکات گوتی: "ئەوان دەنگ بە بەڵێ دەدەن، تەنانەت ئەگەر پارێزبەندی بە پێچەوانەی دەستووریش بێت".

کاتێک هەوڵی کودەتای سەربازی لە تورکیا لە 15ی تەممووزی 2016 روویدا، لە 20ی هەمان مانگ بەهۆی ئەم ڕووداوەوە باری نائاسایی لە سەرتاسەری تورکیا راگەیەندرا و رۆژانی سەخت بۆ هەدەپە دەستیپێکرد.

حکومەتی تورکیا جێگرەوەی بۆ زۆربەی هاوسەرۆکانی شارەوانی دانا و 75 هاوسەرۆکی شارەوانی بە بیانووی پاڵپشتی دارایی بۆ پەکەکە زیندانی کرد.

لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە لەلایەن حکومەتی تورکیا دەستگیرکران و تا ئێستا لە زیندانن. هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەندین جار داوای ئازادکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپەی کردووە، بەڵام حکومەتی تورکیا ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکات.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019 هەدەپە 65 شارەوانیی بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی پاڵپشتیکردنیان لە پەکەکە 48 شارەوانی خرانە ژێردەستی هاوسەرۆکانی دیکە و 39 هاوسەرۆکی شارەوانی زیندانی کران. لەو ژمارەیەش تا ئێستا 33 هاوسەرۆکی شارەوانی ئازاد کراون.

گوشارەکانی سەر هەدەپە لە 7ی حوزەیرانی 2021 گەیشتە لوتکە و بە داواکاری داخستنی ئەو پارتە. داواکاری گشتی ئەنقەرە داوای لە دادگای دەستووری کرد بۆ داخستنی هەدەپە و قەدەغەکردنی 108 لە سیاسەتمەدارەکانی لە سیاسەت، ئەم دۆسیەیە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە و هەدەپە لە لیستی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەی کرد، بەهۆی ترسی داخستنی لە هەڵبژاردنی رابردوودا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی هەدەپە بڵاوی دەکاتەوە، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، 26 هەزار لە ئەندامانی هەدەپە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و بەشێکیان زیندانی کراون.

لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی تورکیا ئاماژەیەکی روونە کە فشارەکان دژی هەدەپە ناوەستن، حکومەتی تورکیا پێی وایە هەدەپە باڵی سیاسی پەکەکەیە.