بەرپرسی لقی سێی پارتی: سبەی بە فەرمی دەگەڕێینەوە کەرکووک و ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانمان هەڵدەکەین
K24 - کەرکووک:
بڕیارە سبەی یەکشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بگەڕێتەوە کەرکووک و بارەگای لقی سێ و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیانیشی رادەست دەکرێتەوە.
لەمبارەیەوە محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە (4ـی تشرینی دووەمی 2023) بە یاوەری شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دێینە کەرکووک و بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، پارتی بارەگاکانی لە کەرکووک وەردەگرێتەوە.
بەرپرسی لقی سێی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا بارەگای لقی سێ و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیان وەردەگرینەوە، لقی سێ دوای نۆژەنکردنەوەی بە فەرمی کاری سیاسی و چالاکی حزبی خۆمانی تێدا ئەنجام دەدەین، بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش وەک پێشتر سەرۆک بارزانی بڕیاری لەسەرداوە پێشکەشی زانکۆی کەرکووکی دەکەین.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی جەختی کردەوە، دوای کردنەوەی بارەگاکانیان بە فەرمی لە کەرکووک، "لەسەر بارەگاکانمان ئاڵای کوردستانیش دادەنێین و شەکاوە دەبێت".
لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک داگیرکراون و ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی درووستکراوە بەوهۆیەشەوە نەیتوانیوە کاری سیاسی خۆی ئەنجام بدات، بەپێی رێککەوتنی نێوان سەرکردەکانی ئیدارەی دەوڵەت و پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیار لەسەر گەڕانەوەی پارتی و رادەستکردنەوەی بارەگاکانی دراوە.
لە کۆبوونەوەی 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، لهپێناو پاراستنی گیانی تهبایی و سهقامگیری شارەکە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، بڕیاریدا بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی خۆی لە کەرکووک ببەخشێتە زانکۆی کەرکووک و بیکاتە دیاری بۆ قوتابییان و پرۆسهی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شارهكه.
دوای ساڵێک لەو رێککەوتنە رۆژی یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) بە فەرمی دەگەڕێنەوە کەرکووک و بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن.
دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە 1ـی ئەیلوولی 2023ـەوە بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی بکرێتەوە، لە 28ـی ئابی 2023، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.
رۆژی (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای رۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک هات، کە بە تەقەی هێزە عێراقییەکان چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون، جگەلە دەستگیکردنی زیاتر لە 40 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان.
تا دواجار لە رۆژی (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی و پابەندبوونی یاسایی هەموو لایەنەکانیش بەو بڕیارەی یەکلایی کردەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە 30 کاندید بە لیستی ژمارە 197، بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک دەکات، کە وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەڕێوەبچێت.