لەباره‌ی گۆڕانی کەشوهەواوە هەرێمی کوردستان داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکات

K24 - هەولێر

دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەشداری ئەو ۆورک شۆپەی کرد کە لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە هه‌ولێر ڕێکخرا.

ڕۆژی شەممە(4-ی تشرینی یەکەمی 2023)،عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئامادەی ئەو وۆرک شۆپەی کرد کە دەستەی ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراقی فیدراڵ بە هاوبەشی دامەزراوەی ئەڵمانی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی و دامەزراوەی بەحر العلوم بۆ توێژێنەوە،لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەولێر ڕێکیان خست.

بە پێی ڕاگەیاندراوێکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان،عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەکە لە ۆورک شۆپەکەدا وتەیەکی پێشکەشکردووە،تێیدا باسی ئەوەی کردووە،دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لێژنەی باڵای تایبەت بە گۆڕانکاری کەشوهەوا بە هەماهەنگی وەزارەتی ژینگەی عێراق توانیویەتی ئەرکەکانی هەر وەزارەت و دەستەیەک دیار بکات لە بواری کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گازە گەرمکارەکان و خۆ گونجاندنیش لەگەڵ هەندێک لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

هەر بە پێی ئەو ڕاگەیاندراوە،وەزارەتی ژینگەی عێراق و دامەزراوەی ئەڵمانی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی  و دامەزراوەی بەحر العلوم و ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتەکانیان لە وۆرک شۆپەکەدا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە کردارەکی بن لەگەڵ ڕێگەچارەکان.

زاناکان پێشبینی ئەوە دەکەن پلەکانی گەرما لە جیهان بەرزبێتەوە و زەوی گەرمتر بێت لەوەی ئێستا هەیە،بە پێی ئەو پێشبینییەی توێژەران هەیانە لە بواری گۆڕانی کەشوهەوا، %66 پێیان وایە تا ساڵی 2027، زەوی بە ڕێژەی 1.5 پلەی سیلیزی زیاتر گەرم بێت.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەرهاوێشتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاوی پاکی خواردنەوە کردووە بە دروستکردنی چەند پۆندێک لە هەرێمی کوردستان.

بە پێی زانیاریەکان،کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای کارەکانیدا،26 ملیار و 243 ملیۆن دیناری بۆ دروستکردنی 41 پۆند لە هەرێمی کوردستان بە چوار قۆناغ تەرخانکردووە .

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ڕایگەیاند:"ئەگەر پێداگری بکەین لەسەر دواخستنی ئەو ڕێوشوێنە سەرەکییانەی پێوستن بۆ گۆڕانی کەشوهەوا،بەرەو دۆخێکی کارەساتبار دەڕۆین.

کارزان حەیدەر