بڕینی ئەندامانی ئاژەڵان بۆ سحر و جادوو، ئاژەڵدۆستان توڕە دەکات

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

چەند رۆژێک لەمەوبەر ژمارەیەک پشیلە لەنێو باخى گشتى سلێمانى لەلایەن کەسانێکەوە کلکیان بڕدراوە، بەپێى بە دواداچوونەکان بۆ کارى سحر و جادوو ئەو کارە کراوە، تا ئێستاش بکەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر نەکراون.

بڕینی کلکی ژمارەیەک پشیلە لە باخی گشتی سلێمانی، ناخى زۆرینەى مرۆڤەکان دەهەژێنێت و ئاژەڵدۆستانیشی توڕە کردووە. دیار حەسەن هاووڵاتییەکی دانیشتووی سلێمانییە و ساڵانێکە بووەتە هاورێى پشیلەکانى نێو باخى گشتى و خزمەتیان دەکات، بەڵام لە چەند رۆژى رابردوودا دەبینێت بەشێک لە پشیلەکان کلیکیان بڕاوەو داوا دەکات ئەو کەسانەى ئەو کارەیان کردووە سزاى توند بدرێن.

دیار دەڵێت: "بۆمان دەرکەوت کە ئەمە ئیشى ئەو کەسانەیە کە سحر، جادوو و نوشتە دەکەن، ئەوەشى کە زیاتر دەنگیدایەوە بڕینی کلکی پشیلەکانە، بەڵام من دەیان بەڵگەى ترم لایە لەسەر بڕینی قاچ و کلکى سەگەکان، ئافرەتێک لە تاسلوجەوە تەلەفۆنى بۆ کردم گوتى: لە هاوارى ئەو سەگە دوو رۆژە دەگریم لەبەر دەرگا هەردوو قاچى دواوەیان بڕیبوو بۆ سحر".

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، تائێستا ئەو کەسانەى  ئەو کارەیان کردووە دەستگیر نەکراون و رووداوەکەش رێکخراوەکانى ئاژەڵدۆستى تووشى شۆک کردووە، بۆیە دانانى یاسایەک بۆ سزادانى ئەو کەسانەى ئەو کارە دەکەن بە پێویست دەزانن، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە کەسانێک بۆ مەبەستى جادوو پەلاماری ئاژەڵان دەدەن.

لەوبارەوە سازان یاسین، ئەندامى رێکخراوى هاناى ئاژەڵان بە کوردستان24ی گوت: "ئەوەی کراوە لە باخى گشتیدا لە هەرشوێنێکی دیکەش بێت، ئەوە پەلاماردانی ئاژەڵانە، زۆربەى ئاژەڵەکانى باخى گشتى ماڵین تێکەڵاوى خەڵکن، پشى پشیان بۆ دەکەن دەچنە بەردەمیان".

ئەوەى کراوە لەنێو باخى گشتى سلێمانى بە بڕینى کلکى چەند پشیلیەک، کە بۆ مەبەستێکى دیاریکراو لە ماوەى رابردووشدا بەرامبەر بە ئاژەڵانی دیکەش کراوە، کە ئەمە پێشهاتێکى مەترسیدارەو داوا دەکرێت رێکارى توند بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە بە شێوازى جۆراو جۆر سزاى ئاژەڵان دەدەن.

مامۆستایه‌كی ئایینی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌كارهێنانی ئه‌ندامی جه‌سته‌ی ئاژه‌ڵان و گیانله‌به‌ران بۆ سیحر، تاوانه‌ و سووكایه‌تیكردنه‌ به‌ دروستكراوه‌كانی خودا، هه‌روه‌ها پێی وایه‌ حكومه‌ت ده‌توانێت رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ نه‌هێشتنی سیحر و جادوو ببینێت.