ئەردۆغان هۆکاری دواکەوتنی ئەندامییەتی سوید لە ناتۆ ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئاماژەی بە دواکەوتنی پرۆسەی تاوتوێکردنی پرۆتۆکۆڵی بوونە ئەندامی سوید لە ناتۆ، لە پەرلەمانی تورکیا کرد و گوتی: لەبەر ئەوەی سەرقاڵی کاری گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی بودجەی ساڵی نوێ بووە پڕۆتۆکۆڵەکە دواکەوتووە، هەروەها بەڵێنیدا کار بۆ ئاسانکاری پەسەندکردنی داواکارییەکە بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بەو رۆژنامەنووسانەی کە یاوەری بوون بۆ کازاخستان راگەیاند، پەسەندکردنی داواکاری سوید بۆ بوونە ئەندام لە رێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەلایەن تورکیاوە لەدەستی پەرلەماندایە، دەشڵێت: لە ئێستادا پەرلەمان سەرقاڵی گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی رەشنووسی نوێی بودجەیە، هەروەها گرنگترین شت لەنێو چاوەڕوانییەکانماندا خۆپیشاندانی ئەندامانی پەکەکەیە لە شەقامەکانی ستۆکهۆڵم. "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی سوید لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە".

ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، "سوید پێیان راگەیاندین، کە رێگایان بۆ هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا خۆشکردووە، ئەمەش دوای هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی کە وڵاتانی رۆژئاوا، بە هۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە دژی هێزە کوردییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەسەر ئەو وڵاتەیاندا سەپاندبوو، روونیشی کردەوە: ڕاستە ئەم هەنگاوەیان ناوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ رێوشوێنێک سەبارەت بە چالاکییەکانی پەکەکە نەگیراوەتەبەر.

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەرکی ئەو لە پلەی یەکەمدا ئەوەبووە، کە ئەم بابەتە رەوانەی پەرلەمان بکات و ئەویش ئەو کارەی کردووە و دەشڵێت: ئێمە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان لەسەر دۆسیەی بە ئەندام بوونی سوید لە ناتۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، سوپاسنامەیەکی بۆ ناردووە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن و هەنگاوەکەی بۆ ناردنی پرۆتۆکۆلەکە بۆ پەرلەمان بە ئەرێنی دەبینێت.

لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا تورکیا داواکاری فینلاندای بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ پەسەندکرد، لەکاتێکدا هێشتا رەخنەی لەبارەی  ئەندامییەتی سویدەوە هەبوو و داوایکرد هاوکاری بکات و هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت لە بابەتی رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە دەسەڵاتی دادوەری تورکیا بە تۆمەتی تیرۆر.

تورکیا داوا لە سوید دەکات دەیان لایەنگری پەکەکە کە لەسەر خاکی وڵاتەکەی نیشتەجێن، رادەست بکاتەوە، بەڵام حکومەتەکەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بابەتەکە پەیوەستە بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە.