حزبوڵڵای عێراقی لەبارەی سەردانەکەی بلینکن هەڕەشە دەکات

"ئەگەر بلینکن سەردانی بەغدا بکات دۆخەکە ئاڵۆز دەکەین"

K24 - هەولێر

حزبوڵڵای عێراقی لە بەرامبەر سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ بەغدا، هەڕەشەی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات.

ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی نووسینگەی ئەمنی حزبوڵڵای عێراقی لە راگەیاندراوێکدا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای بە وەزیری جەنگی ئیسرائیلی ناوبردووە و رایگەیاندووە، لەبەرامبەر سەردانەکەی بلینکن بۆ بەغدا دۆخەکە بەشێوەیەکی چاوەڕنەکراو ئاڵۆز دەکەن.

ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵای عێراق دووپاتیشی کردووەتەوە، کە کار بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەکەن و رێگەش بە ئەمەریکییەکان نادەن سەردانی عێراق بکەن.

ئەم هەڕەشەیەی حزبوڵڵای عێراق لە کاتێکدایە کە بەشێک لە میدیا عێراقی و عەرەبییەکان بڵاویانکردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 5/11/2023، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی عێراق بکات.

رۆژی هەینی، 3/11/2023، بۆ جاری سێیەم لە سەرەتای دروستبوونی جەنگی حەماس و ئیسرائیل، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا گەیشتە ئیسرائیل. وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بلینکن لە سەردانەکەیدا "پرسی ئۆپەڕاسیۆنی وشکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و رێکكارەکانی ئازادکردنی بارمتەکان" لەگەڵ بەرپرسانی تەلئەڤیڤ و ناوچه‌كه‌ تاوتوێ دەکات.