هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی دەرمان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانی لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمان، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، بەرپرسی چاودێری کۆنتڕۆڵی بازاڕ لە هەولێر رایگەیاند: ئەو هەڵمەتە لە وڵاتانی بە "هەفتەی سەلامەتی" ناسراوە، مەبەستمانە هاووڵاتییان لە بەکارهێنانی دەرمان و کاریگەریییە لاوەکییەکانی هوشیار بکەینەوە.

د. محەممەد رەشید، بەرپرسی چاودێری کۆنتڕۆڵی بازاڕ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ یەکەمجارە کار لەسەر بابەتێک بکرێت، ئەویش کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانە، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری "ئۆپ ساڵە" و هەماهەنگی لەگەڵ 100 وڵات بۆ چاودێری کردن، کار دەکەین بۆ هۆشیار کردنەوەی هاووڵاتییان، لە رووی سەلامەتی دەرمانەوە.

گوتیشی: "هەموو ساڵێک ئەم کەمپینە لە وڵاتان هەیە، بە هەفتەی سەلامەتی ناوی دەرکردووە، ئامانجیشیان ئەوەیە کە هاووڵاتییان زیاتر شارەزاییان لە دەرمان هەبێت و زیاتر لە کاریگەرییەکانی دەرمان هۆشیاربن".

د.محەمەد رەشید ئاماژەی بەوەشدا: "هەر دەرمانێک کاتێک بەکاردێت، لەسەر کارتۆنی دەرمانەکە نووسراوە، تووشی کۆمەڵێک کاریگەری لاوەکی دەبیت، بۆیە دەبێت هاووڵاتییان لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو کاریگەرییە لاوەکییانە، ئاگاداربکرێنەوە، پێویستە لە رێگەی بارکۆدێک، کە ئەو بارکۆدە لە ماوەیەکی نزیکدا لە گشت دەرمانخانەکان و نەخۆشخانە تەندروستییەکانی حکومی و ئەهلی، بەردەست دەبێت، هاووڵاتیی یاخود دەرمانساز یا پزیشکی پسپۆڕ، لە رێگەی فۆرمێکەوە کە بەشێوەیەکی زۆر ئاسان ئامادەکراوە، دەتوانێت راپۆرتی ئەو کاریگەرییە لاوەکییانە بکات، ئێمەش کاتێک راپۆرتی ئەو کاریگەرییە لاوەکییانەمان بەدەست دەگات، هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بۆ دەکەین، کارگەی بەرهەمهێنان ئاگادار دەکەینەوە، رەنگە هەندێکجار کاریگەرییە لاوەکییەکان، لە چەند کەسێک دەربکەون، ئەوکات پێویست بکات ئەو دەرمانە رابگیرێت یاخۆ بکشێنرێتەوە".