بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرا

بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرا (وێنە: سۆران کامەران - کوردستان24)
بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرا (وێنە: سۆران کامەران - کوردستان24)

K24 - هەولێر

لە رێوڕەسمێکدا بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرا. ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، "لە چەند رۆژی داهاتوودا بارەگای نوێی مەکتەبی رێکخستن و لقی سێی پارتی لە کەرکووک دەکەینەوە".

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا و بە شێوەیەکی فەرمی باڵەخانەی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ڕادەستی حزبەکە کرایەوە و دواتر هەر لەو رێوڕەسمەدا بارەگاکە پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرا.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی؛ نوێنەری زانکۆی کەرکووک؛ یاریدەەری پارێزگاری کەرکووک؛ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک؛ بەرپرسی لقی سێی پارتی و نوێنەری ژمارەیەک حزب و لایەنەی سیاسی بەڕێوەچوو.

شاخەوان عەبدوڵڵا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ بەفەرمی باڵەخانەی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتیمان وەرگرتەوە و بە سوپاسەوە لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی باڵەخانەکە وەکو دیارییەک پێشکەشکی زانکۆی کەرکووکمان کرد. سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەکەین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ کردنەوەی سەرجەم بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک".

بە گوتەی ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، "لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو بە شێوەیەکی فەرمی بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک و باڵەخانەی نوێی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی لە شارەکە دەکرێتەوە" و جەخت لەوە دەکاتەوە، "پارتی وەکو هێزە سیاسییەکانی دیکەی کەرکووک، لە کار و چالاکییە سیاسییەکانی بەردەوام دەبێت".

وەکو ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی پێ دا، "بوونی پارتی لە شاری کەرکووک، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە و نەتەوەکانی شارەکە بەهێزتر و قووڵتر دەکات و پارێزگاری لە پێکهاتەکانی شارەکە (کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە) دەکات".

لەلایەن خۆیەوە، د. عومران جەمال حەسەن، سەرۆکی زانکۆی کەرکووک رایگەیاند، "لە دڵەوە سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، جوان، زانستی و ئەکادیمییەی کردوویەتی. ئەم بارەگایەی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشکەشمان کراوە، دەکرێتە باڵەخانەی کۆلێژی ئەندازیاری نەوت و سامانە سروشتییەکان".  

 

 

بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق دەستیپێکرد. لە کەرکووک 10 هاوپەیمانێتی، پێنج پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن. بە گشتی 234 کاندید لە هەڵبژاردنەکە بەشدارن و 16 کاندید وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵدەبژێردرێن.

پارتی بە 30 کاندید بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک دەکات، کە بڕیاروایە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەڕێوەبچێت. پارتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لەو شارە دەستپێکردووە و چاوی لەوەیە بەشێکی زۆری کورسییەکانی ئەنجوومەنی داهاتووی پارێزگای کەرکوک بەدەست بهێنیت.

ماوەی 45 رۆژ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەردەوام دەبێت. 48 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بانگەشەکە رادەگیرێت.

کاندیدێکی پارتی: هیچ شتێک لە کەرکووک ناتوانێت رێگریمان لێبکات

ئەمڕۆ شەممە، 04-11-2023، عەلی نازم، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێمە بەبێ پۆستەریش بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەین، هەر براوەین لە شاری کەرکووک، چونکە ئێمە هەڵگری بەرنامەیەکین بۆ خزمەتکردنی کەرکووکییەکان".

عەلی نازم گوتیشی: "بەرنامەی پارتی بۆ شاری کەرکووک، لادانی ئەو هێزە سەربازییەیە کە لەناو شارەکە هەیە و گەڕانەوەی شکۆیە بۆ خەڵک و دامودەزگاکان بەتایبەت. ئەوەی ئێستا لە شاری کەرکووکدا روودەدات، سیمای شاری پێوەنەماوە، بەرنامەی پارتیش گەڕاندنەوەی شارستانییەتە بۆ ئەو شارە".

کاندیدەکەی پارتی ئاماژەی بەوەشدا: "وەک کاندیدی پارتی هیچ شتێک ناتوانێت رێگریمان لێبکات، چونکە ئێمە خەڵکی ئەو شارەین و خەڵک دەمانناسێت. ئەوەی ئێستا لە کەرکووک روودەدات، پێشێلکاری هەڵبژاردنە بەرامبەر بە کاندیدانی پارتی دەکرێت، بەڵام هیچ یەکێک لەم هەڵسوکاوتانە ساردمان ناکانەوە".

رووداوەکانی 2ـی ئەیلوول و شەهیدبوونی چوار گەنجی کورد

رۆژى 2ـى ئەیلوولی 2023، ژمارەیەک لایەنگری حەشدی شەعبی و حزبە تورکمانییەکانی کەرکووک، لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە خۆپیشاندانیان کرد و رێگەى کەرکووک – هەولێریان داخست. لە گەڕەکی رەحیماوەى کەرکووک، هاووڵاتییانی کورد لە دژى داخستنی رێگەکە، بە ئاڵای کوردستانەوە دەستیان بە خۆپیشاندانی هێمنانە کرد، بەڵام بەهۆی رێگری هێزە عێراقییەکان، خۆپیشاندان گرژی تێکەوت و چوار هاووڵاتیی کورد بە گولـلـە هێزە ئەمنییەکان شەهیدکران و دەیان خۆپیشاندەری کوردیش بریندار کران.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتیی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.

هەرچەندە دوای رووداوەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق، بڕیاریاندا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستی رووداوەکان و بە سزاگەیاندنی سەرپێچیکاران، بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی فەرمی راگەیەندراوە و نە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتەبەر کە بوونە هۆی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی کەرکووک.

دوو رۆژ دوای رووداوەکانی 02ـی ئەیلوول، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی رووداوەکانی 2ـى ئەیلوولی کەرکووک بکەن و هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەریش بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت"