ئێران سێ کەسی بە گومانی کارکردن لەگەڵ 'مۆساد' دەستگیرکرد

ئێران
ئێران

K24 – هەولێر:

ئێران لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان لە ناوچەی سنوورییەکانی نێوانیان، دەستگیرکردنی سێ کەسی بە رەگەز ئێرانی راگەیاند بە گومانی کارکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل 'مۆساد'.

ئەمڕۆ یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) تەلەفزیۆنی دەوڵەت رایگەیاند، "ئەو سێ کارمەندە کە گومانیان لێدەکرێت بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل 'مۆساد" کاربکەن بە رەگەز ئێرانین لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی هەواڵگری ئێران (ئیتلاعات) و بزووتنەوەی تاڵیبان، لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستگیرکران".

ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەو سێ کارمەندە پلانیان دانابوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئەفغانستانەوە هێرش بکەنە سەر "ئامانجەکان لە ئێران".

میدیا فەرمییەکان زانیارییان لەبارەی ناسنامەی تۆمەتباران و بەرواری دەستگیرکردنیان نەخستووەتەڕوو، بەڵام ئەوەیان راگەیاندووە، ئەم سێ تۆمەتبارە "بەم زووانە دەگوازرێنەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".

ئێران پێشتر لە چەند بۆنەیەکدا دەستگیرکردنی ئەو کارمەندانەی راگەیاندبوو کە گومانیان لێدەکرێت لە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل 'مۆساد' کاربکەن، کە بە تێکدانی ژمارەیەک لە شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران تۆمەتبار کراون.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی کەرتی غەززەوە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەی سەندووە، ئەمەش دوای ئەو هێرشە دێت کە حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد.

ئێران کە سنووری زیاتر لە 900 کیلۆمەتری لەگەڵ ئەفغانستان هەیە، بە فەرمی دان بە تاڵیبان نانێت کە لە ساڵی 2021ەوە دەسەڵاتی لەو وڵاتەدا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکانی نێوانیان بەردەوامە.

هەروەها شاندێکی ئابووری ئەفغانستان بە سەرۆکایەتی عەبدولغەنی بەرادەر جێگری سەرۆکی حکومەتی ئەفغانستان رۆژی شەممە لە تاران پێشوازی لێکرا.

لە چەند مانگی رابردوودا ناکۆکی لە نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە دابەشکردنی ئاوی رووبارێک کە لە ئەفغانستانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەرەو ئێران دەڕژێت سەریهەڵداوە.