بلینکن گەیشتە عێراق و لەگەڵ سوودانی کۆبووەوە

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لە یەکەم وێستگەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

رۆژی یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتنی ئەنتۆنی بلینکنی بۆ عێراق راگەیاند.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بکات.

ماوەی چەند رۆژێکە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێک گەیشتووتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی جەنگی ئیسرائیل و حەماسیش مەبەستی سەرەکی سەردانەکەیەتی.

دوای ئەوەی دوێنێ شەممە لە ئوردن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێکی عەرەبی لەبارەی پرسی جەنگی ئیسرائیل و حەماس کۆبووەوە، ئەمشەو بە سەردانێک گەیشتە عێراق و باس لەوە دەکرێت دواتر سەردانی تورکیاش بکات.