محه‌ممه‌د كه‌مال: لەسەر بارەگاکانمان لە کەرکووک ئاڵای کوردستان هەڵدەکەین

محه‌ممه‌د كه‌مال، به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك
محه‌ممه‌د كه‌مال، به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك

K24 – هەولێر:

به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك، ئاماژە بەوەدەکات، تەواوی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک وەردەگرنەوە، هاوکات دەڵێت:  پارتی لە کەرکووک دانەبڕاوە، ئەوەی دابڕاوە لە کەرکووک بارەگاکانی بووە نەک خودی پارتی. گوتیشی: پۆستی پارێزگاری کەرکووک موڵکی کوردانە و لەناو کوردانیش موڵکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

محه‌ممه‌د كه‌مال، به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی بارەگای سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەخشرا بە زانکۆی کەرکووک، هاوکات مامۆستایانی زانکۆ و هاووڵاتییانی دانیشتووی کەرکووک پێشوازیان لەو کارە گرنگەی سەرۆک بارزانی کرد.

به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك، ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە ئەمڕۆ لە کەرکووک بارەگای لقی سێی پارتیمان لە کەرکووک وەرگرتەوە، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەک بارەگاکە نۆژەن دەکەینەوە، کاتێک نۆژەنکردنەوە تەواو بوو بە فەرمی دەیکەینەوە".

محه‌ممه‌د كه‌مال، راشیگەیاند، تەواوی بارەگاکان و ناوچەکانمان لە کەرکووک وەردەگرینەوە، بە نسبەت بارەگای مەکتەب رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، هەوڵدەدەین جێگایەکی شایستەی بۆ بدۆزینەوە و لەوێدا ئەو بارەگایە بکەینەوە.

به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك، دەڵێت: "لەسەر بارەگاکانمان لە کەرکووک ئاڵای کوردستان و ئاڵای پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەڵدەکەین، کێشەش دروست نابێت بۆ هەڵکردنی ئاڵاکانمان".

لە کۆبوونەوەی 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، له‌پێناو پاراستنی گیانی ته‌بایی و سه‌قامگیری شارەکە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، بڕیاریدا بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی خۆی لە کەرکووک ببەخشێتە زانکۆی کەرکووک و بیکاتە دیاری بۆ قوتابییان و پرۆسه‌ی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شاره‌كه.

محه‌ممه‌د كه‌مال، باسی لەوە کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە باوەڕی بە پێکەوەژیان هەبووە، باوەڕی بە مافی پێکهاتەکان و دیموکراسییەت هەبووە، لەکاتی گەڕانەوەمان بۆ کەرکووک هەوڵدەدەین ئەو پێکەوەژیانەی پێش 16ـی ئۆکتۆبەر هەبوو باشتر و تۆکمەتری بکەین، بۆ ئەوەی بەهەموو لایکمان خزمەتی شاری کەرکووک بکەین، کەرکووک بەلای پارتییەوە گرنگە و هەروەکو جەنابی بارزانی نەمر فەرموویەتی، "کەرکووک دڵی کوردستان".

به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك، ئەوەشی خستەڕوو، پارتی رۆڵ و کاریگەرییەکی باشی هەیە لە شاری کەرکووک، پێشتریش زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو شارە ئەنجامدابوو، گوتیشی: ئومێد دەکەین بتوانین لەم هەڵبژاردنە پێگەیەکی باشی حزبە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردن قایم بکەین بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی سیاسی و ئیداری باشمان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر خزمەتی کەرکووک و کەرکووکییەکان بکەین.

محه‌ممه‌د كه‌مال، روونیکردەوە، پارتی لە کەرکووک دانەبڕاوە، ئەوەی دابڕاوە لە کەرکووک بارەگاکانی بووە نەک خودی پارتی، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو دڵی هەموو کەرکووکییەکان بووە، وەک بینیتان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی کەرکووک خەڵک گوتیان "ماڵی هەریەکەمان بارەگایەکی پارتییە".

به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، کاندیدەکانی پارتی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی تێدایە، بەهۆی ئەوەیی ئەو خەڵکانە خۆیان بڕوایان بە بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، ئامانجیشمان لەو کارە ئەوەیە ئێمە وەک پارتی باوەڕمان بە پێکەوەژیان هەیە، دەبێت کورد، عەرەب و تورکمان وەک برا پێکەوە بژین و پێکەوە خزمەتی ئەو شارە بکەن، بۆیە لیستەکەمان بەو شێوەیە داناوە.

محه‌ممه‌د كه‌مال، لەبارەی پۆستی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەدا، ئێمە دوای هەڵبژاردن لەگەڵ لیستە کوردستانییەکان و پێکهاتەکان کۆدەبینەوە پۆستەکان بەیەکەوە بە رێککەوتنی نێوان هەموو لایەکمان دابەشی دەکەین.

گوتیشی: پۆستی پارێزگاری کەرکووک موڵکی کوردانە لەناو کوردانیش موڵکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دەبوو لە رابردوودا پارتی ئەم پۆستەی وەرگرتایە، بەڵام بەهۆی 16ـی ئۆکتۆبەر کورد و بە تایبەت پارتی ئەم پۆستەی لەدەستدا.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 23 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.

رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی هاوپەیمانی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و دوای تەواوبوونی پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ کاندیدە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش، کاندید و لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە فەرمی دەستیان بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.