وەزارەتی کشتوکاڵ خولێکی راهێنانی بۆ جووتیاران کردووەتەوە

K24 – هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی جووتیاران بە کەمترین تێچوو زۆرترین بەرهەمیان هەبێت، خولی بۆ جووتیاران کردووەتەوە خولەکە ماوەی دوو رۆژە و جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر لەم خولە رادەهێنرێن چۆن زەوییەکانیان ئامادە بکەن بۆ کێڵان تا قۆناغی دروێنەكردن.

ئیبراهیم میران، جووتیارێکی نموونەی دەشتی هەریرە چەند ساڵە بە زانستی گەنم دەچێنێت دەیەوێت ئەمساڵ رێکارە نوێیەکان بۆ چاندن بەکاربهێنێت و خۆی لەگەڵ گۆرانکاری کەشوهەواش بگونجێنێت، هاوکات دەڵێت: پارەیەکی زۆر خەرج دەکەیت ناتوانیت تەنیا پشت بە باران ببەستیت، بۆ ئەوەی بەرهەمت زیاد بێت دەبێت ئاودان بکەیت، ئێستاش زۆر پێویستە جووتیارەکان لەکاتی ئاودانکردن ئاگەداربن، چونکە ئاودانێکی زۆریش دەبێتە هۆی تێکچوونی بەروبوومەکان.

وەزارەتی كشتوكاڵ خولێكی بۆ جووتیاران كردووەتەوە و بۆماوەی دوو رۆژ خولەکە بەرەدەوام دەبێت، لە قۆناغی ئامادەکردنی زەوی تا دورینەوە وانە بە جووتیاران دەدرێت، جووتیاران بە دوای رێکاری نوێدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی تێچوویان کەم بێت و بەرهەمیان زۆر بێت.

گۆرانکاریەکانی کەشوهەوا  جووتیارانی ناچارکردووە بەدوای رێگەی نوێیدا بگەڕێن بۆ کشتوکاڵکردن. لەلایەن خۆیەوە عەبدولسەمەد محەممەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵ لە بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: خولەکە لە سفرەوە هەتا 100ـە، هەموو قۆناغەکانی گەشەی گەنم لەپێش چاندنەوە تا چاندن و قۆناغی دروێنە لە خولە فێردەکرێن و ئەزموون و شارەزایی وەردەگرن لەو بوارەدا.

لە هەرێمی کوردستان وەرزی چاندنی گەنم و جۆ دەستیپیکردووە بەهۆی جیاوازی ناوچەکان لەرووی هەڵکەوتەی جوگرافیای هەر شوێنە و کاتێک گونجاوە بۆ چاندنی گەم و جۆ، بەهۆی کەمی بارانبارین جووتیاران رێگەی نوێ دەگرنەبەر، بۆ ئەوەی بە کەمترین ئاو گەنمەکانیان بەرھەمبهێنن.