سوودانی گەیشتە تاران

K24 – هەولێر

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

ئەمڕۆ دووشەممە 6/11/2023، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانى بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئێران سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکات.

ئەو سەردانەی سوودانی، لە کاتێکدا کە دوێنێ لە بەغدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هێرش و هەڕەشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەمەریکا لە عێراق جێگەی قبوڵکردن نییە و هەموو کارێک دەکەین بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی خۆیان".

شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، دۆخی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر کردووە، بەجۆرێک زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسرائیل دەربڕیوە، لە بەرامبەردا ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە پێیان وایە دەبێ بەرگری لە حەماس و کەرتی غەززە بکرێت، هاوکات بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق و ناوچەکە هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا و وەدەرنانیان دەکەن. چاودێرانی سیاسی دۆخەکە بە مەترسیدار دەزانن، بۆیە لە ئێستادا شەڕی کەرتی غەززەش بووەتە تەوەری سەرەکی گفتوگۆی نێوان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان.